بەغداد - INA
ئەمڕۆ شەممە، دەزگای هەواڵگری دەستگیركردنی دوو تۆمەتباری ڕاگەیاند كە نارنجۆكێكی دەستییان لەناو ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەكدا لە شاری نەجەفی ئەشرەف داناوە.
دەزگاكە لەبەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: بە پشتبەستن بە ڕێنماییەكانی وەزیری ناوخۆ، كە بریتییە لە بەدواداچوون و دەستگیركردنی كەسانی دەرەوەی یاسا، مەفرەزەكانی دەزگای هەواڵگری زانیارییان پێگەیشت كە دوو كەس هەڕەشەیان لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەكی شاری نەجەفی ئەشرەف كردووە، بە دانانی نارنجۆكی دەستی لەسەر جامی ئۆتۆمبێلە تایبەتەكەی، ئەمە جگە لەوەی هەڕەشەیان لە ژیانی پێنج كارمەند كردووە.
راشیگەیاند: دەستبەجێ تیمێكی هەواڵگری و كاری تەكنیكی پێكهێنرا، بە یاوەری هێزێكی تایبەت، بۆ بەدواداچوونی داواكراوان، و دوای كۆكردنەوەی زانیاری و تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان و دانانی بۆسەیەكی توند، مەفرەزەكانی دەزگای هەواڵگری تایبەتمەند لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە شاری نەجەف توانی تاوانباران دەستگیربكات.
ئاشكراشیكرد: لەكاتی لێكۆڵینەوەدا بەڵگەكانیان روبەروو كراوەتەوەو بە ئاشكرا دانیان بەوەدا ناوە كە ئەم كارانەیان ئەنجامداوە، هەورەك لێدوانەكانیان نووسراوە و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانیان كردووە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەكە لەگەڵیان تەواو بكەن و سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.
دەزگای هەواڵگری داوا لە هاوڵاتیان دەكات پەیوەندی بە ژمارەی گەرمی بێبەرامبەر 144 بكەن و لەسەر هەموو ئەو كەسانەی لە یاسا دەرچوون لە هەموو ناوچەكانی عێراقدا زانیاری بگەیەنن.