بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تەئكیدیكردەوە: كە نوێكردنەوەی كارتی دەنگدەر پەیوەستە بە خشتەیەكی دیاریكراوی كاتییەوە، و ئاشكراشیكرد: هەر درێژكردنەوەیەك كە كاریگەری لەسەر وادەی هەڵبژاردنەكان هەبێت لەلایەن كۆمسیۆنەوە ئەنجام نادرێت، و هەروەها هەنگاوەكانی دوای نوێكردنەوەی تۆماری داتای دەنگدەرانی ڕوونكردەوە.
بەڕێوەبەری ڕێكارەكان و ڕاهێنان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان داود سەلمان خزەیر، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: نوێكردنەوەی كارتی دەنگدەر پەیوەستە بە خشتەی كاتی دیاریكراوەوە، هەر كاتێكیش لەبەردەستی كۆمسیۆندا بێت بۆ درێژكردنەوەی هەر بڕگەیەكی خشتەكە، ئەوا كار لەگەڵیدا دەكات، بەڵام هەر درێژكردنەوەیەك ناكۆك بێت لەگەڵ وادەی هەڵبژاردنەكان یان كاریگەری لەسەر وادەی هەڵبژاردنەكان هەبێت لەلایەن كۆمسیۆنەوە هەرگیز ئەنجام نادرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: هەنگاو هەیە دوای نوێكردنەوەی تۆماری داتاكانی دەنگدەران، كە بریتین لە هاوتاكردن و پرۆسێسكردن و شیكردنەوەی داتاكان لە فەرمانگەی نیشتمانیدا، و دواتر ناردنی داتاكان بۆ بەرهەمهێنەر بە شێوەیەكی كۆدكراو، بەو پێیەی نزیكەی دوو مانگی دەوێت بۆ چاپكردنی كارتەكان، و دواتریش مانگی تشرینی دووەم وادەی ڕادەستكردنی كارتی دەنگدەرەكانە.
جەختیشیكردەوە: كۆمسیۆن ئامادەیە وۆرك شۆپی پەروەردەیی ئەنجام بدات، بەپێی ئەو ڕێكارانەی كە لەلایەن دەستەی كۆمیساریانەوە پەسەندكراون، و وتیشی: كۆمسیۆن فەرمانگەی حزبەكان و فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە جەماوەرییەكانی هەیە، بۆیە ڕێكخراوەكان و ئەوانەی ئارەزووی كاروباری هەڵبژاردن دەكەن دەتوانن داواكاری پێشكەش بەو فەرمانگانە بكەن بە مەبەستی ئەنجامدانی وۆرك شۆپی پەروەردەیی.
رۆژی سێشەممە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بڕیاریدا ماوەی نوێكردنەوەی بایۆمەتری بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ درێژبكاتەوە.