بەغداد - INA
سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی ئەمڕۆ شەممە، تەئكیدیكردەوە: كە پانتایی نیشتمان بۆ هەموو مەزهەب و ئایینە براكانە كە لە ژێر یەك خێمەی عیراقدا كۆبوونەتەوە، وتیشی: مەسیحییەكان پێكهاتەیەكی سەرەكی وڵاتن.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، رایگەیاند: محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران پێشوازی لە پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵات لە عێراق و جیهان مار كۆركیسی سێیەمی یونان و شاندی یاوەری كرد.
ئاماژەی بەوەشكرد: سودانی بەخێرهاتنی وەفدی مەسیحی كرد و گەشبینی خۆی بە هەڵبژاردنی كەسایەتییەكی گەنجی مەسیحی عێراقی بە سەرۆكایەتی كەنیسەی دێرینی ڕۆژهەڵات دەربڕی.
هەر بەپێی بەیاننامەكە سودانی جەختی لەوەشكردەوە: پانتایی نیشتمان بۆ هەموو مەزهەب و ئایینە براكانە كە لە ژێر یەك خێمەی عیراقدا كۆبوونەتەوە، كە بە هێزی یاسا و دەستوور پارێزراوە و دەرگاكانی نوسینگەكەشی كراوەیە بۆ هەموو ئایینەكانی وڵات و پەیوەندیكردن لەگەڵ هەمووان.
هەروەها ئاماژەی بە بنەمای هاووڵاتیبوونی گشتگیری عێراقییەكان كرد، كە لە ڕێگەی كرانەوە بۆ قبوڵكردنی ئەویتر و فرەچەشنییەوە بەهێزتر دەبێت، ئەمەش بنەمایەكە كە تیرۆر هەوڵی لێدانی دا و شكستی هێنا.
جەختیشی لەوە كردەوە: مەسیحییەكان پێكهاتەیەكی سەرەكی وڵاتن، و دەستخۆشی لە هەڵوێستە نیشتمانییەكانیان و بەشداریكردنیان لە بنیاتنانی عێراقدا دەكەین.
لای خۆیەوە، پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵات لە عێراق و جیهان پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستەكانی سودانی و تێڕوانینی هەمەلایەنەی بۆ یەكسانی لە هاووڵاتیبوون بۆ هەموو مەزهەب و نەتەوەكانی عێراق دەربڕی، هەروەها تەئكیدی لە بڕیاری پاتریاركی ڕۆژهەڵاتی كردەوە بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتی دایك و ماڵی سروشتی خۆی كە زیاتر لە هەزار ساڵە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی عێراق ئەزموونی دەكات.
هەروەها ئاماژەی بە ڕەتكردنەوە و ئیدانەكردنی هێرشە هەڵەكان بۆ سەر قورئانی پیرۆز و سوكایەتیكردن بە پیرۆزییەكانی ئیسلام كرد، هەروەها سوپاسی مامەڵەی باشی سەرۆك وەزیرانی كرد لەگەڵ دۆخەكەدا، وتیشی: ئەم هەڵوێستە نائاساییانە بە هیچ شێوەیەك نوێنەرایەتی بەها بەرزەكانی مەسیحی و مەسیحییەكان و ئازادی ڕادەربڕین ناكەن.