بەغداد/INA
ئەنجومەنی وەزیران لەدانیشتنی نائاسایی خۆیدا کەئەمڕۆ بەسترا بڕیاریدا کە ئەنجومەنی باڵای لاوان پێکبهێنرێت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لەبەیاننامەیەکدا کەدەست ئاژانسی هەواڵی عێڕاقی کەوت وتی سەرۆک وەزیران محەمد شیاع سودانی سەرۆکایەتی دانیشتنی تایبەت بە ڕۆژی لاوانی کرد، لەسەرەتادا سودانی پیرۆزبایی لەسەرجەم لاوانی عێڕاقی کرد بەم بۆنەیەوە.
هەروەها پیرۆزبایی لەو قوتابیانەکرد کەبەسەرکەووتوویی لە تاقیکردنەوەکاندا دەرچوون، وتیشی وڵات هەمبەر بەرپرسیارێتیەکی گەورەیە بۆ چاودێریکردنی گەنجان کەلە 60٪ی دانیشتووانی عێڕاق پێکدەهێنن ، ئەویش لەمیانەی داڕشتنی نەخشەوپلانەکان کەدۆخیان باشتر بکات،ئاماژەشی بەو بەرنامە وزاریەکرد کە دەوڵەت بە خزمەتکردنی لاوان پابەنددەکات.
ئەمەو لە دانیشتنەکەدا میواندارێتی کۆمەڵە گەنجێک کرا کەنوێنەری کۆنگرەی نیشتیمانی لاوان بوون و لەدانیشتنەکەدا بیروبۆچوونی خۆیان پێشکەشکرد.
هەروەها سەرۆک وەزیران فەرمانیدا بەوەی کەلە دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو پێشنیازو بۆچوونەکانی ئەو لاوانە بڕیاری لەسەربدرێت.
بەپێی بەیاننامەکە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا کە ئەنجومەنی باڵای گەنجان پێکبهێنرێت بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری لاوانیش ببێتە جێگری و ئەندامێتی وەزیرانی پلاندانان و دارایی وکاروباری کۆمەڵایەتی و پەروەردەو خوێندنی باڵاو ڕاوێژکاری کاروباری لاوان لە ئەنجومەنەکەو هەماهەنگکاری کاروباری پارێزاگاکان و ڕێکخراوە مەدەنیەکانی تایبەت بە کاروباری لاوان .