بەغداد - INA
سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای كۆتاییهێنان بە سەردانەكەی بۆ پارێزگای میسان، گەڕایەوە بۆ بەغدادی پایتەخت.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەردانەكە بریتی بوو لە كردنەوەی دوو یەكەی پێكهێنراو (هەر یەكەیان توانای 100 مێگاوات) لە وێستگەی كارەبای غازی عەمارە، و كردنەوەی نەخۆشخانەی فێركاریی حەكیم لە پارێزگای میسان بە توانای 492 قەرەوێڵە، و ڕاگەیاندنی جێبەجێكردنی پڕۆژەی زانكۆی یەكخراو لە مایسان و ئامادەكردنی دیزاین لەلایەن كۆمپانیا نێودەوڵەتییە تایبەتەكانەوە، ئەوە جگە لە ڕاگەیاندنی جێبەجێكردنی دوو پڕۆژەی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لە قەزای مەجەر كەبیر و ناحیەی عەلی شەرقی لە سنوری پارێزگای میسان.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: هەر لە سەردانەكەدا جێبەجێكردنی پرۆژەی وێستگەی پاككردنەوەی ئاو لە پارێزگای میسان راگەیەنرا، لەگەڵ خەرجكردنی قەرەبووی لافاوەكانی ساڵانی ڕابردووی كە بڕی 90 ملیار دینار بوو بۆ خەڵكی زیانلێكەوتووی پارێزگاكە، هەروەك ڕاگەیاندنی سنوورداركردنی مەزادی گشتی دوكانەكانی بازاڕی زێڕەنگەرانی هاوچەرخ لە پارێزگای میسان بۆ خاون پیشەكان لە پێكهاتەی سابیئەی مەندائی.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە سەردانەكە بریتی بوو لە ئاڕاستەكردنی وەزیری نەوت بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەندازیارانی پارێزگای میسان، هەروەها ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەرپرسانی فەرمانگە خزمەتگوزاریەكان بۆ تاوتوێكردنی واقیعی خزمەتگوزاری لە پارێزگای میسان، ئەوە جگە لە دیدار لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پارێزگای میسان، و تاوتوێكردنی ڕێگاكانی بەرەوپێشبردنی دۆخی پارێزگاری میسان، و دیدار لەگەڵ شێخ و كەسایەتییە دیارەكانی پارێزگای میسان، و ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی فراوانی ئەمنی لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەكان لە میسان.