بەغداد - INA
سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەئكیدیكردەوە: كە زیادبوونی ململانێی خێڵەكییەكان كاریگەری لەسەر ژینگەی پێویست بۆ كاركردن و وەبەرهێنان لە پارێزگای میسان هەبووە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لەبەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، رایگەیاند: ئەمڕۆ سودانی چاویكەوت بە شێخ و كەسایەتییە دیارەكانی پارێزگای میسان، كە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە سەردانی كردبوو.
بەپێی بەیاننامەكە سەرۆك وەزیران رایگەیاند: میسان یەكێكە لە پارێزگا قوربانیەكان بە خەڵك و خێڵ و ڕۆشنبیر و نووسەرەكانیەوە، هەروەها زۆر پڕۆژەی گرنگمان لە پارێزگاكە دەستپێكرد، كە لە بودجەی ئەمساڵدا خراونەتەڕوو، و لیژنەیەك لە بەغداوە دێت بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی پڕۆژە و بڕیارەكان و تەئكید لە ڕێنماییەكانمان دەكەینەوە بۆ خێراتركردنی جێبەجێكردنی پرۆژە دواكەوتووەكان، هەروەها بۆ دەستپێكردنی قەرەبووكردنەوەی ئەوانەی زیانیان بەركەوتووە بەهۆی لافاوەوە لە هەفتەی داهاتووەوە.
سودانی ئاماژەی بەوەشكرد: عێراق وڵاتێكە خاوەنی سەرچاوەی هەمەچەشنە، هەروەها دەكرێت كێشەكانی لەماوەی ساڵانێكدا بە سەقامگیری لە هەلومەرجی گشتیدا چارەسەر بكرێت، بەو پێیەی حكومەت پاڵپشتی كەرتە جیاوازەكان دەكات، چونكە هەلی كار دەڕەخسێنێت و گەشەپێدانی پێویست بەدەست دەهێنێت، و وتیشی: حكومەت خۆی بۆ وەرزی كشتوكاڵی داهاتوو ئامادە دەكات و ئاسانكاری زۆر بۆ جووتیاران دابین دەكات.
رونیشیكردەوە: سەرپێچی لە سەر سەروەری دەوڵەت و یاسا هەیە، هەروەها توندبوونەوەی ململانێی خێڵەكی كاریگەری لەسەر ژینگەی پێویست بۆ كاركردن و وەبەرهێنان لە میسان هەبووە.
سەرۆك وەزیران جەختی لەوەشكردەوە: دوودڵی ناكەین لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی دژ بە سەرپێچی دژی دەوڵەت و یاسا و بڵاوكردنەوەی پشێوی، و كاریگەری لەسەر ناوبانگی باشی ئەم پارێزگایە لەگەڵ خەڵكەكەی و خێڵە ڕەسەنەكانی، و سنوورداركردنی ئەم دەركەوتە نەرێنیانە، هەروەك داوای لە ڕۆڵە بەڕێزەكان و شێخەكانی میسان كرد كە هاوكاری دامودەزگاكانی دەوڵەت و پارێزگا و دەزگا ئەمنییەكان بكەن بۆ گۆڕینی واقیعی شارەكە بۆ باشتر و چارەسەركردنی ئەو دیاردانەی كە ئاسایش و سەقامگیری پارێزگاكە تێكدەدەن.