قوباد تاڵەبانی پێشوازیکرد لە دەیڤد بێرگەر هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق

سیاسی
  • 9-08-2023, 20:55
  • +A -A

    هەولێر/ INA 
    ئەمڕۆ چوارشەممە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازیکرد لە دەیڤد بێرگەر هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و گرژییەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە و دۆخی ناوخۆی هەرێم و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا تاوتوێ کران.

    نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە ٩ی ئابی ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوو، وەفدی ئەمریکا داوایکرد کێشەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە چارەسەر بکرێن، چونکە بەردەوامی کێشەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی.
    هەر لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران هاوڕایی خۆی دەربڕی لەسەر گرنگی پەلەکردن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە لەپێناو نەهێشتنی ئەو مەترسیانەی کە لە ئەنجامی گرژییەکان رووبەڕووی وەزارەت دەبێتەوە.
    لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند؛ ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە دیاری کراوە. وتیشی: تا ئەو کاتە پێویستە لایەنە سیاسییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەکانی نێوانیان بدۆزنەوە.
    لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێگەی هەرێم و مەترسییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان کرا. لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران نیگەرانی خۆی لە دۆخی ناوخۆی هەرێم دەربڕی و رایگەیاند؛ لەم قۆناغەدا هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە رووبەڕووی مەترسی بووەتەوە، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە و بە سیاسەتی حەکیمانە کێشەکانیان چارەسەر بکەن و پێکەوە هەرێم لە مەترسی بپارێزن. چونکە ئەگەر هەرێم بکەوێتە مەترسییەوە بە هەموو لایەکەوە باجەکەی دەدەن، نەک تەنها لایەنێک زەرەرمەند بێت.
    سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە؛ بۆ ئەوەی پێگەی هەرێم لە بەغدا بەهێز بێتەوە، پێویستە دوای چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان، لایەنە کوردستانییەکان بە یەکدەنگ و یەک هەڵوێست لە بەغدا کار بۆ دابینکردنی مافە دەستورییەکانی کورد بکەن.