بەغداد - INA
سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، تەئكیدیكردەوە: كە هەژماری گەنجینەی یەكگرتوو ڕۆڵێكی گرنگی دەبێت لە ڕێوشوێنەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی كرد بۆ بەدواداچوون لەسەر تەواوكردنی هەژماری گەنجینەی یەكگرتوو و ڕێوشوێنەكانی پارەدانی ئەلیكترۆنی لە خاڵەكانی فرۆشتن.
بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: كە لە كۆبوونەوەكەدا پێشكەوتنەكانی تەواوكردنی هەژماری گەنجینەی یەكگرتوو، هەروەها ئەو ئاماژە ئەرێنییانەی دواتر كە ڕەنگدانەوەیان دەبێت لەسەر سیستەمی دارایی و بانكی نیشتمانی خستەڕوو.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران جەختیكردەوە: كە ئەم هەنگاوانە لە هەوڵەكانی حكومەتدا دێن بۆ جێبەجێكردنی چاكسازییە دارایی و بانكییەكان، و هەژماری گەنجینەی یەكگرتوو ڕۆڵێكی گرنگی دەبێت لە ڕێوشوێنەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و كەمكردنەوەی توانای گەندەڵكاران بۆ سوود وەرگرتن لە بۆشاییەكان.
هەروەك سودانی فەرمانی كرد بە هەمواركردنەوەی سیستەمی پارەدانی ئەلیكترۆنی ژمارە 3ی ساڵی 2014، هەروەها دیوانی چاودێری دارایی پشت ببەستێت بە پەسەندكردنی بەڵگەنامەی وەرگرتنی ئەلیكترۆنی وەك جێگرەوەی بەڵگەنامەی كاغەز، لە چوارچێوەی زنجیرەی ڕێوشوێنەكانی بەكارهێنان و پەسەندكردنی پارەدانی ئەلیكترۆنی لە خاڵەكانی فرۆشتن (POS) بە شێوەیەكی فراوانتر لە كەرتی گشتی و تایبەتدا.