كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان: تا ئێستا وادەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران درێژ نەكراوەتەوە

ناوخۆ
  • 6-08-2023, 16:05
  • +A -A

    بەغدا - INA- نور زەیدی
    ئەمڕۆ یەكشەممە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ئاماری نوێی لەسەر ژمارەی پارتە تۆماركراوەكان و هاوپەیمانییەكان ڕاگەیاند و داتاكانیان نوێكردەوە، هاوكات ئاماژەی بەوەدا كە تا ئێستا هیچ وادەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران درێژ نەكراوەتەوە.
    داود سەلمان خزەیڕ بەڕێوەبەری ڕێكارەكان و ڕاهێنان لە كۆمسیۆن بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: ژمارەی ئەو لایەنانەی تا ئێستا تۆمار كراون 303 لایەنە، هەروەها 37 هاوپەیمانی، لەنێویاندا 24 هاوپەیمانی نوێ و 13 هاوپەیمانی كۆن.
    ئاماژەی بەوەشكرد : ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی كە داتاكانیان نوێكردۆتەوە 482 هەزار و 432 كەس بووە، لەنێویاندا ژمارەی نێرەكان 249 هەزار و 551 كەس و ژمارەی مێینەش 232 هەزار و 881 كەس بووە، لەكاتێكدا ژمارەی ئەو كەسانەی تۆماركراون كە لە ساڵی 2005 لەدایك بوون گەیشتووەتە 48 هەزار و 854 كەس.
    ئاماژەی بەوەشكرد : رێكەوتی كۆتایی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران سبەی دووشەممە دەبێت و ئەگەری زۆرە دەستەی كۆمیساریان كۆبوونەوەیەك لەم بارەیەوە ئەنجام بدات.
    كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ڕایگەیاند، پێشتر كە پڕۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە 9ی تەمموزی ڕابردوو لە 15 پارێزگا دەستیپێكرد جگە لە هەرێمی كوردستان.