هەولێر/ INA
سهرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان مسرور بارزانی پێشوازى له پاتریارک كاردينال لویس ساكۆ کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیندڕاوێکدا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە تێیدا هاتووە،ئهمڕۆ یەکشەممە 8/6 مەسرور بارزانى سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له كاردینال لویس ساكۆ، پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد کە لە ژمارەیەک لە مەتڕانەکان پێکهاتبوو.
له دیدارەکەدا، پاتریارک کاردینال لویس ساکۆ، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆکی حکومەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ ئەو پێشوازی و پشتیوانیەی لێیکراوە و ستایشی دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانیشی لە هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی خۆی لەبارەی کشاندنەوەی مەرسومی کۆماری سەرۆک کۆماری عێراق تایبەت بە پاتریارک کاردینال لویس ساکۆ و کەنیسەی کلدانی دووپات کردەوە و هیوای خواست، ئەو هەڵەیە ڕاست بکرێتەوە.
سەرۆکی حکومەت هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە مەڵبەندی پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان و ئازادیی ئایینی دەبێت و پاڵپشتی لە پێکهاتەی کریستیانەکان دەکات کە بە ناهەق لە لایەن هەندێک لایەنی نا بەرپرسەوە، ڕووبەرووی پاکتاوی ئایینی دەبنەوە و داکۆکی لە پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و ئایینەکان دەکەینەوە و دژی گۆڕینی دیمۆگرافی بەزۆر ، دەوەستینەوە.