هه‌ولێرـ INA
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه، نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى کۆمەڵگە و کاتێدراڵى نوێی پاتریەرکيی كه‌نيسه‌ى ڕۆژهەڵاتيی ئاشووری له هه‌ولێر كرد كه به ئاماده‌بوونى به‌ڕێز قەداسەتی پاتریارک مار ئاوای سێیەم، پاتریارکی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتيی ئاشووری لە عێراق و جیهان، به‌ڕێوه چوو.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه ژماره‌يه‌ك له وه‌زيران و به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان و ديپلۆماتكاران و پياوانى ئايينيى مه‌سيحى و ئيسلامى و په‌يڕه‌وانى كه‌نيسه‌ى ڕۆژهەڵاتيی ئاشووری ئاماده‌ى بوون، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وتارێکی پێشكه‌ش كرد، وتێدا پیرۆزبایی لە هەموو پەیڕەوانی كه‌نيسه‌ى ڕۆژهەڵاتيی ئاشووری كرد لە هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان و لە هەموو مه‌سيحييان بەگشتی بە بۆنەی کردنەوەی ئەم کۆمەڵگەیە.
هه‌روه‌ها به‌م بۆنه‌يه‌وه به ڕێز و پێزانينه‌وه يادى خوالێخۆشبوو قه‌داسه‌تى پاتريارك مار ده‌نخاى چواره‌م، سه‌رۆكى پێشووترى كه‌نيسه‌ى ڕۆژهەڵاتيی ئاشووری كرده‌وه كه بڕيارى دا كورسيى كه‌نيسه‌كه له ئه‌مه‌ريكاوه بگوازرێته‌وه بۆ هه‌ولێر، به‌ڵام به‌داخه‌وه مه‌رگ مه‌وداى نه‌دا و به‌رله‌وه كۆچى دوايى كرد. يادى به خێر و هيوادارين كردنه‌وه‌ى ئه‌م كاتێدراڵه گيانى شاد بكات.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یه‌دا وتی: ئه‌و بڕياره بڕیارێکی زۆر ئازایانە بوو. پشتگیرییەکی گەورە بوو لە کوردستان، هەروەها متمانە و باوەڕی بۆ مه‌سيحييه‌كان دروست کرد کە لێره له وڵاتى خۆيان بمێننه‌وه و بڕوايان پێى هه‌بێت و کۆچ نەکەن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ساڵی ٢٠١٤ کە داعش بەشێکی لە خاکی کوردستان و عێراق بەگشتی و بەشێکی سووریای داگیر کردبوو، ژمارەیەکی زۆر لە مه‌سيحييان و خەڵکی دیکە، ڕوويان له هه‌رێمى كوردستان كرد.
دڵنیام ئه‌م کۆمەڵگه‌يە جوانە دەبێتە ناوەندێکی دیکەی بەهێزکردنی باوەڕ و هەستی پێکەوەژیان لە هه‌رێمى کوردستان و له عێراق، دەبێتە هاندەرێکی دیکە بۆ مانەوە و بەجێنەهێشتنی وڵات. کوردستان بە فرەنەتەوە، فرەئایین و فرەپێکهاتەکەییەوە جوانە، مه‌سيحييه‌كان بەشێکی سەرەکین لە جوانيی پێکەوەژیانى کوردستان.
لە کوردستان پێکەوەژیانی ئاشتیانە بووەتە کولتوورێکی بەهێز کە هیچ ڕژێم و هێزێک بە هەموو پیلانەکانیانەوە نەیتوانیوە تێکی بدەن. پێکەوەژیان بنەمایەکی قووڵی باوەڕی هەموو کوردستانیيانه، ئینجا سەر بە هەر نەتەوه‌يه‌ك و سه‌ر به هه‌ر ئایینێک بن. ئەم پێکەوەژیانەی ئێمە لە کوردستان ئەوەندە قووڵ و بەهێزە، بووەتە مایەی هێزێکی گەورە بۆ هەموومان و بووەتە جێگەی ڕێزی جیهان.
ئەم ناوچەیەی ئێمە کە لە مێژووی کۆندا ناوی میزۆپۆتامیا بووە، ناوەندێکی گەورەی گەشەکردنی ژیان و مرۆڤایەتی و شارستانی بووە. ناوچەیەکی تێکەڵ و هەمەڕەنگی نەتەوەکان بووە. میزۆپۆتامیا بە ڕاستی باخچەی ڕەنگینی نەتەوەکان بوو. بەڵام بەداخەوە لە ئەنجامی هێرشە دەرەکییەکاندا جینۆسایدی زۆر گەورە لەو ناوچەیەدا ڕووی دا. لەگەڵ ئەوەش لە کوردستان، فرەنەتەوەیی و فرەئایینی هەر مایەوە و لەناو نەچوو، چونکە نەتەوە و ئایینەکان بوونە قەڵغانی پاراستنی یەکتر.
نێچیرڤان بارزانی راگه‌یاند" ئێستا قەزای عەنکاوە یەکێکە لە گەورەترین شارە مەسیحییەکانی ڕۆژ‌هەڵاتی نێوەڕاست، کە ٨٦ هەزار مه‌سيحى تێیدا نیشتەجێن. هەموو کاتێک عەنکاوە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵدا کراوە و لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە بە چاوى ڕێزەوە تەماشای کراوە. لە هەمان کاتدا سوپاسی مەتران و پیاوانی ئایینی مەسیحی دەکەين لە هەرێمی کوردستان کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەیان نەداوە بە هیچ دەنگ و کردەوەیەکی ئیستیفزازی، یان هەڵسوکەوتێک کە دڵی موسڵمانان یان ئایینەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان ئازار بدات و دژی هەموو گوفتار و کردارێکی بەو شێوەیە بوونە لە هەموو جیهان.
پێشکەوتن و سەرکەوتن بە یەکڕەنگی دروست نابێت. فرەڕەنگی و هەمەڕەنگی، بووەتە مایەی پێشکەوتنی جیهان و مرۆڤایەتی. شەڕی نەتەوەیی و ئایینی و تایيفی، زۆر وڵاتی وێران کردووە و دوایخستوون. بەڵام ئەو گەلانەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوەیی و ئایینیان هەیە، وڵاتەکانی خۆیان و جیهانیان پڕ کردووە لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و له شارستانی. ڕێگەی پێشکەوتنی وڵاتان و خۆشگوزەرانيی گەلان، زۆر بە ڕوونی دیارە کە ئەویش ئاشتی و يه‌كترقبووڵكردن و پێکەوەژیانە. ئێمە ڕێگەی ڕاست و ڕێگەی خوامان هەڵبژاردووە کە باوەڕمان بە پێکەوەژیانە.