بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانكی ناوەندی سێ چینی كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی بۆ فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران دەستنیشان كرد، هاوكات پێشنیارێكی ئاشكراكرد سەبارەت بە هێنانی كاڵای هاوردەكراو لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەكانەوە، و ئاماژەی بەوەشدا: بڕیاری نوێ هەیە كە هەفتەی داهاتوو دەردەچێت كە پێدەچێت بەشداربێت لە دابەزاندنی نرخی دۆلار.
جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندی عەمار حەمەد خەڵەف، لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی عێراقیە نیوز ، كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بە دواداچوونی بۆ كردووە، رایگەیاند: بانكی ناوەندی هەفتانە پشكی دۆلار بۆ كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕكردن دابین دەكات بە مەبەستی فرۆشتنی بە گەشتیاران بە ڕێژەی فەرمی و بە ڕێژەیەكی سنووردار بۆ هەر گەشتیارێك 3 هەزار دۆلار.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو كۆمپانیا ئاڵوگۆڕانە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە مۆڵەتیان پێدراوە بەپێی مەرجەكان و پابەندن بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە.
رونیشیكردەوە: یەكێك لە ئەركە بنەڕەتییەكانی سەرجەم كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی A و B و نێوەندگیری C بریتییە لە دابینكردنی دۆلار بۆ گەشتیاران بە ڕێژەی فەرمی و بەو بڕە كە بانكی ناوەندی دیارییكردووە.
وتیشی: پلاتفۆرمێكی ئەلیكترۆنی هەیە كە بانكی ناوەندی لە سەرەتای ئەمساڵەوە كار لەسەر پەرەپێدانی دەكات، هەروەها هەموو فرۆشتنی دۆلار بە هاوڵاتیان لەڕێگەی ئەم پلاتفۆرمە ئەنجام دەدرێت كە بە وردی لەلایەن بانكی ناوەندییەوە چاودێری دەكرێت.
راشیگەیاند: بانكی ناوەندی لەڕێگەی ئەم پلاتفۆرمە بۆ چینەكانی بازرگان و بازرگانانی بچووك، و لەڕێگەی كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕەوە تەنها بۆ گەشتیاران، بازاڕ بە دۆلار پارەدار دەكات، و وتیشی: بانكەكان لەڕێگەی حەواڵە و بەڵێننامەوە پارەی بۆندەكانی كەرتی تایبەت و كەرتی حكومەت دەدەن، هەروەها هەندێكیان دۆلاری كاش دەفرۆشن، وەك بانكی ڕافیدەین و ڕەشید، لە ڕێگەی فرۆشگاكانیانەوە لە فڕۆكەخانەكان، سەبارەت بە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕكردن، تایبەتمەندن تەنها لە پرۆسەی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران.
ئاشكراشی كرد: بانكی ناوەندی پێشنیازێكی پێشكەش بە بەندەر و گومرگەكان كردووە، ئەویش ئەوەیە كە هەر كاڵایەك بێتە ناو عێراقەوە دەبێت دڵنیابێت لەوەی بازرگانەكە لەڕێگەی بانكی ناوەندی عێراقەوە پارەی هاوردەكردنی بۆ دابینكردووە، و تیشی: دراوی عێراقی بە شێوەیەكی هەڕەمەكی چاپ ناكرێت.
سەبارەت بە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، خەڵەف ڕایگەیاند: بانكی ناوەندی چەند بڕیارێكی تایبەت بە كەرتی بانكی دەركرد، و وتیشی: هەفتەی داهاتوو بڕیاری دیكە دەردەچن، كە ڕەنگە بەشدارییەكی بەرچاویان هەبێت لە كەمكردنەوەی نرخی دۆلار.