بەغداد - INA
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، تەئكیدی لە پەرۆشی عێراق بۆ پاراستن و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ پاكستان كردەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، رایگەیاند: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی ئەمڕۆ چوارشەممە پێشوازیكرد لە وەزیری ناوخۆی كۆماری ئیسلامی پاكستان ڕانا سەنائوڵاخان و شاندەی یاوەری.
بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە: لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سودانی ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر هەرێمی باجوری كرد لە پاكستان كە دوو ڕۆژ لەمەوبەر ڕوویدا، و پرسەو هاوسۆزی خۆی بۆ قوربانییەكان و خێزانەكانیان و خەڵكی پاكستانی دۆست بە گشتی دەربڕی.
هەروەها جەختی كردەوە لەوەی كە عێراق سورە لە سەر بەردەوامبونی پەیوەندییەكان لەگەڵ پاكستان و كاركردن بۆ پەرەپیدانی لە بوارە جیاجیاكاندا.
بەیاننامەكە ئاشكراشیكرد: لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەسەر باشتركردنی هەماهەنگییە دوو قۆڵییەكان لە بواری ئاسایش و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری هەواڵگری و هەماهەنگی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ماددە هۆشبەرەكان و تاوانی ڕێكخراو.
هەروەك كۆبوونەوەكە هەماهەنگییەكانی خستەڕوو لە بواری گەشتیاری ئاینی و ئەو ئاسانكاریانەی كە حكومەتی عێراق پێشكەشی دەكات بە زیارەتكارانی مەزارگە پیرۆزەكانی عێراق بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمی یادكردنەوەی چلەی ئیمام حوسێن(س.خ).
لە لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی پاكستان پێزانین و خواستی حكومەتەكەی دەربڕی بۆ فراوانكردنی پەیوەندییە ئابوورییە هاوبەشەكانی لەگەڵ عێراق كە لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی دۆستدا بێت.