بەغداد - INA
دەستەی دەستپاكی فیدراڵی ئەمڕۆ شەممە، ئاشكرایكرد: لە پرۆژەیەكی كارەبا لە پارێزگای سەڵاحەدین، 9 ملیار دینار بەفیڕۆدراوە، و هاوكات ئاماژەی بە دەستگیركردن و دەستبەسەركردنی ژمارەیەك لە تۆمەتبارەكانی كرد، لەنێویاندا بەڕێوەبەری پێشووتری لقی دابەشكردنی كارەبای پارێزگاكە.
فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكانی دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: تیمی فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی سەڵاحەدین دوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لەسەر پڕۆژەی دابینكردنی ئامێر بۆ وێستگەكانی(kv11-33)، توانیان بەرزی نرخەكان دەستنیشان بكەن كە بووەتە هۆی بەفیڕۆدانی ماڵی گشتی.
ڕوونیشیكردەوە: بەهای كۆی ئەو پڕۆژەیەی كە لەلایەن دیوانی پارێزگاوە جێبەجێ كراوە لە چوارچێوەی بەرنامەی گەشەپێدانی هەرێمەكان بۆ ساڵی 2018 بڕی (15,000,000,000) ملیار دینار بووە، لەكاتێكدا بەهای ڕاستەقینەی لە (6,000,000,000) ملیار دینار تێپەڕناكات، واتە بەهەدەردانی پارەی گشتی بڕی (9,000,000,000) ملیار دینار بووە، كە هاوتایە بە (60%)ی كۆی بەهای پڕۆژەكە.
ئاماژەی بەوەشكرد: (5) تۆمەتبار دەستگیركراون، لەنێویاندا بەڕێوەبەری پێشووتری لقی دابەشكردنی كارەبای سەڵاحەدین، هەروەها ڕێكاری یاسایی بەرامبەر ئەندامانی لیژنەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و ئەندامانی لیژنەی وەرگرتن گیراوەتەبەر، هەروەها ئەو ئەندازیارانەی كە واژۆیان لەسەر ئاشكراكردنی پڕۆژەكە كردوە، هەروەك بۆندی ئاڵوگۆڕی سەرەتایی و ئەولەویەتەكانی پڕۆژەكە لەگەڵ چەكە ڕەسەنەكان دەستیانبەسەردا گیراوە كە بڕی (15,000,000,000) ملیار دینارە.