كەربەلا - INA
مەزارگەی حسێنیەی پیرۆز ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەئكیدیكردەوە: كە پلانی ئەمنی و خزمەتگوزاری و رێكخستنی تایبەت بە سەردانكەرانی عاشورا تا 13ی موحەڕەم بەردەوام دەبێت.
سەرۆكی بەشی پاراستنی رێكخستن لە مەزارگەكە ڕەسووڵ فەزالە لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی مەزارگەكە كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ كردووە، رایگەیاند: ئەو پلانەی كە مەزارگەكە دایڕشتووە چەندین تەوەر لەخۆدەگرێت، لەوانە تەوەری ئەمنی و خزمەتگوزاری و ڕێكخراوەیی كە پەیوەندییان بە چۆنیەتی چوونە ژوورەوەی سەردانكەران و ماتەمینیگێڕانەوە هەیە.
روونیشیكردەوە: جێبەجێكردنی پلانەكە لە یەكەم شەوی موحەڕەمەوە دەستیپێكردووە و تا كۆتایی مەراسیمەكە لە سێزدەهەمین ڕۆژی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.
ئاشكراشیكرد: ئەم پلانە لەلایەن ئیدارەی مەزارگەی حسێنی بە نوێنەرایەتیی پارێزەری یاسایی مەزارگە و ئەمینداری گشتی مەزارگەكە، بە هەماهەنگی ئاستێكی باڵا لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەربەلا و فەرماندەیی پۆلیس تاوتوێ كراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: زیاتر لە (5000) خۆبەخش بەشدارن لەم پلانەدا، و لەلایەن بەشە پەیوەندیدارەكان و بەشی پاراستنی رێكخستن و پشتێنەی دەرەوە پاڵپشتی كراون؛ بۆ مەبەستی ئاسانكاری چوونە ژوورەوە و دەرچوون بۆ مەزارگە پیرۆزەكان، زیاتر لە (1800) كامێرای چاودێری لە ناوەوە و دەوروبەری مەزارگە و لە شەقامەكانی دانراون.