سەرۆك وەزیران فەرمانی دا بە گرنگیدانی پێشوەخت بە پڕۆژەكانی ژێرخان

سیاسی
  • 27-07-2023, 19:11
  • +A -A

    بەغداد - INA
    سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی كرد تایبەت بە چارەسەركردنی ئەو بەربەستانەی كە ڕێگرن لە جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییە گرنگەكان لە بەغداد و پارزگاكان، و فەرمانی دا بە گرنگیدانی پێشوەخت بە پڕۆژەكانی ژێرخان.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، رایگەیاند: سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی كرد كە تێیدا وەزیرانی دارایی و پلاندانان و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون بەشداربوون و تاوتوێی چۆنیەتی و خێراكردن لە جێبەجێكردنی پێشینەكانی حكومەت كرا لە كەرتی خزمەتگوزاری و شارەوانییەكان، لەگەڵ چارەسەركردنی ئەو بەربەستە دارایی و تەكنیكییانەی كە ڕێگرن لە جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەتایبەتی ئەو پڕۆژانەی كە پەیوەندیدارن بە خزمەتگوزارییەكانی ئاو و ئاوەڕۆوە لەگەڵ قەرباڵەغی هاتوچۆ لە شەقامەكانی بەغدادی پایتەخت و پارێزگاكان.
    هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە لە كۆبوونەوەكەدا لیستی پڕۆژەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون خرایەڕوو لە گەڵ ئەو بڕە پارەیەی كە لە یاسای بودجەی گشتیدا بۆ ماوەی سێ ساڵ بۆی تەرخانكراوە، هەروەها تاوتوێی ئەو پێشنیارانە كران كە ئامادەكراون بۆ چارەسەركردنی كەمی پارەی تەرخانكراو بۆ پڕۆژە ستراتیژییە گرنگەكانی تایبەت بە هاوڵاتیان و میكانیزمی هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاكان بۆ پەسەندكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە چوارچێوەی ئەو بڕە پارەیەی كە لە بودجەدا بۆیان تەرخانكراوە.
    هەر بە گوێرەی بەیاننامەكە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی كرد بە هەموو وەزارەت و كەرتەكان بە لە خۆگرتن و گرنگیدانی پێشوەخت بە پڕۆژەكانی ژێرخان، چونكە ئە پرۆژانە یەكێكن لە گرنگترین پێشینەكانی حكومەت وكارنامەی وزاریدا، هەروەها دابینكردنی پێداویستییەكانی هاوڵاتیان لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان.