بەغداد - INA
پارێزگاری بانكی ناوەندی عەلی عەلاق، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەو ڕێوشوێنانەی ئاشكراكرد كە یارمەتیدەرن بۆ سەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕ، و هاوكات دواكەوتنی چاپكردنی دراوی نوێی پۆلی 20 هەزار دیناری ڕاگەیاند.
عەلاق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: بانكی ناوەندی بەردەوامە لە دابینكردنی دۆلار بە نرخی فەرمی و رووماڵكردنی هەموو مامەڵە شەرعیەكان بۆ داواكاری كڕین وەك حەواڵە و قەرز بۆ هاوردەكردنی جۆراوجۆر.
بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو كاتیە
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەوەی لەڕووی بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراوەوە باسی لێوەدەكرێت، مانای ئەوە نییە كە بەرزبوونەوەی نرخی فەرمیە، بە پێچەوانەوە، بەرزبوونەوەی نرخی نەختینە لە بازاڕدا بەهۆی دوودڵی هەندێك لە بازرگانەكانەوەیە بۆ دەستگەیشتن بە پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی، كە كەناڵێكی فەرمییە بۆ فرۆشتن كە سیستەمە نوێیەكە پێویستی پێیەتی.
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا وتی: بازرگانەكان جگە لە پۆلەكانی تر ناتوانن بچنە ناو پلاتفۆرمەكەوە، چونكە چالاكیی و ئۆپەراسیۆنی شەرعی پراكتیزە ناكەن، و ڕۆڵی ئێمە لە بانكی ناوەندیدا ئەوەیە كە هاوكاری هەموو كەسێك بكەین كە پێویستی بە كڕینی دۆلار هەیە بۆ ئەوەی بچێتە نێو ڕێگای یاسایی و دروستەوە، لە ڕاستیدا، پرۆسەی ئەمڕۆ پرۆسەیەكە بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی جوڵەی بازرگانی و پارە بۆ ئەوەی ئەم ئۆپەراسیۆنانە لەژێر كۆنترۆڵ و ستانداردە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكاندا بن، كە دەبێتە هۆی جێبەجێكردنی یاسای دژە سپیكردنەوەی پارە و بەرەنگاربوونەوەی دارایی تیرۆریزم ژمارە 39 ی ساڵی 2015.
عەلاق تەئكیدیكردەوە: پرۆسەی جێبەجێكردنی سیستەمی نوێ لە ڕێكخستنەوەی جوڵەی بازرگانی و سندوقەكان پێویستی بە هاوكاریی چەند لایەنێكە، پێشبینیشمان دەكرد كە ئەو پرسە پشتیوانی و جێبەجێكردن و كارلێككردن لەلایەن لایەنە فەرمی و جەماوەرییەكانەوە وەربگرێت كە پشتگیری بانكی ناوەندی بكەن لە گەیشتن بە ئامانجی ئەم سیستەمە بۆ ئەوەی جوڵەی پارە لە چوارچێوەی یاساییدا بەردەوام بێت و پێوەرەكانی دروست بكەن بۆ دووركەوتنەوە لە هەر مەترسییەكی ناوخۆیی یان دەرەكی.
رێوشوێنەكانی بانكی ناوەندی پێویستی بە پشتیوانی هەموو لایەك هەیە
پارێزگاری بانكی ناوەندی جەختیكردەوە: كە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی یەكگرتوو و وابەستەی یەكترە، كە تیایدا هەندێك كاریگەرییان لەسەر كەسانی دیكە هەیە، هەروەها هەموو دامەزراوە داراییەكانی جیهان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ جوڵەی سندوقەكان دەكەن لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنێكی ورد بۆ مەترسیەكان و پشتڕاستكردنەوەی سەرچاوەی سندوقەكان و سودمەندەكانیان، عێراقیش بەشێكە لەم سیستەمە، وە دەبێت پلەیەكی بەرزی پابەندبوون بە ستانداردەكانی سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنین بۆ دڵنیابوون لە یەكپارچەیی سیستەمی داراییمان و ئەمەش وەك ئاماژەمان پێدا پێویستی بە پشتیوانییەكی گەورەیە بۆ بانكی ناوەندی، و بۆ هەر لایەنێك نۆرەی خۆی وەربگرێت.
ڕاشیگەیاند: ڕێكخستنی بازرگانی دەرەكی دەكەوێتە دەرەوەی كۆنترۆڵی بانكی ناوەندی و پێویستی بە هاوكاری چەند لایەنێكی پەیوەندیدار هەیە بەم دۆسیەیە، وەك وەزارەتی بازرگانی، دەستەی دەروازە سنوورییەكان، دەستەی گومرگی، دەزگا ئەمنییەكان، و لایەنەكانی دیكە، ئەوەی ئێمە دەیكەین خزمەت بە هەموو لایەنەكان و ئابوری وڵات و بارودۆخی گشتی دەكات، بۆیە پێویستە پشتگیری و وابەستەیی لە نێوان هەموو لایەك لەگەڵ بانكی ناوەندی هەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیستەمەكە.
ئاماژەی بەوەشكرد: زۆرجار گوێبیستی تێبینیەكان دەبین سەبارەت بە پرۆسەی فرۆشتنی دۆلار و جوڵەی دراو، ئەمڕۆش كە بانكی ناوەندی ئەم بەرپرسیارێتییە گەورەیەی لە ئەستۆ گرت بۆ ڕێكخستنەوەی و دانانی لە چوارچێوەی دروستدا، بابەتەكە هەوڵێكی زۆری سەرچاوە مرۆییەكانی تێچووە بۆ چاودێریكردنی پرۆسەكە و دڵنیابوون لە یەكپارچەییەكەی بە بەكارهێنانی بەرنامە ئەلیكترۆنیەكان كە تێچووی زۆری وەبەرهێنانە بۆ بانكەكە، و ئێمە داوای هاوكاری لە كۆمپانیایەكی وردبینی نێودەوڵەتی دەكەین بۆ پێداچوونەوە بە كارەكان و پشتڕاستكردنەوەی ڕەواییەكانیان و لێرەدا دەبێت پشتگیری و پشتیوانی هەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەكی.
ئاشكراشیكرد: لایەن هەیە نایەوێت پێوەرە دروستەكان بگیرێتەبەر، هەندێكیان هەوڵدەدەن سود لەم دۆخە وەربگرن بۆ ئەوەی باز بدەنە سەر بازاڕ و سەروەت و سامانی نەختینەیی تێیدا بكشێننەوە بۆ بەدەستهێنانی سوودی تایبەت و ئێمە ئەو توخمانەمان دەستنیشان كردووە كە ئەم كارە نایاساییانە ئەنجام دەدەن، هەروەها هەوڵێكی ئەمنی و چاودێری كاریگەر هەیە بۆ ئەمانە، و لێپێچینەوە یاساییەكان بەردەوامن، لەژێر ڕێنمایی و بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، كە گرنگییەكی زۆری بەم بابەتە داوە.
هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ سەپاندنی سزای نوێ
عەلاق رایگەیاند: هیچ ئاماژەیەك لە لایەنی ئەمریكییەوە نییە بۆ ئەوەی بانكە نوێیەكان بخرێتە ناو سزاكانەوە، وتیشی: بانكی ناوەندی بەدواداچوون بۆ پرسی ئەو بانكانە دەكات كە تووشی بێبەشبوون لە دۆلار بوون و دەچێتە ناو پرۆسەی پێداچوونەوە و وردبینی و پشتڕاستكردنەوەیان.
هەڵمەتی پشتیوانی دینار
پارێزگاری بانی ناوەندی ئاشكرایكرد: محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بەشێوەیەكی شەخسی یەكێكە لە لایەنگرانی سەرەكی هەڵمەتی پاڵپشتیكردنی دیناری عێراقی.
سەبارەت بە ئەزموونی گشتاندنی پاڵپشتی ئەلیكترۆنی، عەلاق ڕوونیكردەوە: ئەم بابەت گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ بانكی ناوەندی، ئێستاش كۆبوونەوەیەك لەگەڵ كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتیی پارەدانی ئەلیكترۆنی تەواو بووە و پێشكەوتنیش هەیە، بەڵام ئەمە پەیوەستە بە فراوانكردنی بازنەی ڕۆشنبیری لەم ڕووەوە.
وتیشی: ئەزموونی پارەدانی ئەلیكترۆنی بۆ هاوڵاتیان بەرامبەر بە دامودەزگا حكومییەكان دەستیكردووە بە سەركەوتن، وە بەشێكی زۆریش هەن كە پەیوەندییان پێوەكردووە، و كار لەسەر هەنگاوێكی زۆر گرنگ دەكەین، ئەویش ئەنجامدانی مامەڵەكانە بە پارەدان لە ڕێگەی مۆبایلەوە، واتە كەسەكە دەتوانێت پارە بداتە كەسێكی دیكەی بەرامبەر كە (كۆد)ی هەبوو، هەركەسێك ئەم كۆدەی هەبێت دەتوانێت كۆدەكە لەسەر ئامێرەكە بگوازێتەوە و بچێتە ناو ئەكاونتەكەیەوە، ئەمەش هەنگاوێكی پێشكەوتووە تەنانەت لە بەكارهێنانی كارتیشەوە.