بەغدا -INA
ئەمڕۆ دووشەممە محەممەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیكردەوە كە حكومەت جدییە لە پاراستنی سەرجەم نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكانی باوەڕپێكراو لە بەغدا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردووە وتیایداهاتووە : محەممەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە باڵیۆز و نوێنەری نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكانی یەكێتی ئەوروپا و ژمارەیەك وڵاتی دۆست كرد.
لە میانی دیدارەكەدا سەرۆكی حكومەت جەختی لە پێویستی ڕەتكردنەوەی قسەی ڕق و توندڕەوی كردەوە، كە لە پراكتیزەی هێرشبەرانە بۆ سەر پیرۆزی و بیروباوەڕی گەلان بەرجەستە دەبێت، لەوانەش ڕووداوی خراپ بەكارهێنان و سەرپێچی لە پیرۆزی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق.
ناوبراو ئاماژەی بە مەترسی ئەم جۆرە پراكتیزانە كرد كە هەڕەشە لە ئاسایش و ئاشتی كۆمەڵایەتی دەكات، جگە لەوەی هێرشێكە كە پەیوەندی بە چەمكەكانی ئازادی ڕادەربڕینەوە نییە و داوای لە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كرد ڕۆڵی خۆیان لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم كردەوە ڕەگەزپەرستانە و هەموو ئەو شتانەی هاندەری توندوتیژی بگرنە ئەستۆ.
جەختیشی لەوە كردەوە : بەرپرسیارێتی حكومەت و جددییەتی لە پاراستن و گەیشتن بە ئاسایش و سەلامەتی سەرجەم نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكانی باوەڕپێكراو لە بەغدا و ئاماژەی بەوەشكرد : عێراق پابەندە بەو بەرپرسیارێتییەوە بەپێی ئەوەی لە ڕێككەوتننامەی ڤیەننا بۆ ڕێكخستنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكاندا هاتووە.
سەرۆك وەزیران دووپاتی كردەوە : بەردەوامی حكومەت لە ئاسانكاری بۆ كاری كۆمپانیا بیانییەكان لە عێراق و پابەندبوون بە ڕێككەوتنە ئابوورییەكان و هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی جیهان.
ئاماژەی بەوەشكرد : حكومەت پرەنسیپی هاوسەنگی لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهاندا دەگرنەبەر و ڕێگە نادات عێراق بكێشرێتە ناو ململانێكانەوە یان گۆڕەپانێك بێت بۆ یەكلاكردنەوەی نمرەكان، بەڵكو زیاتر حەز دەكات ڕۆڵی پێشەنگی خۆی لە ناوچەكەدا جێبەجێ بكات و ببێتە شوێنێك بۆ لێكنزیكبوونەوە و دروستكردنی هاوبەشی لە ڕێگەی سیاسەتی هاوسەنگی لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییەكان، یان لە ڕێگەی ئەو پڕۆژە ستراتیژیانەی كە لەم دواییانەدا پێشنیاری كردووە، وەك پڕۆژەی گەشەپێدان و پڕۆژەكانی وزە كە كاردەكەن بۆ بەدەستهێنانی یەكگرتنی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە بە شێوەیەك كە سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەرز بكاتەوە.
لای خۆشیانەوە باڵیۆز و نوێنەرانی ئەو نوێنەرایەتییە دیپلۆماسیانەی لە عێراقدا كاردەكەن، ئیدانەكردنی وڵاتەكانیان بۆ تاوانی سووتاندنی قورئانی پیرۆز نوێكردەوە وپێشوازیی خۆیان بۆ ئەو ڕێوشوێنانەی حكومەت بۆ پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان گرتووەتەبەریان دەربڕی.
بەگوێرەی بەیاننامەكە ئامادەیی وڵاتەكانیان گەیاندووە بۆ بەردەوامبوون لە هاوكارییە ئابوورییەكان لەگەڵ عێراق، خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕیوە بە پێشكەوتنی بەرچاو لە دۆسیەی خزمەتگوزارییەكان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پێشكەوتنی ڕوون لە جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت.