بەغداد/INA
ئەمڕۆ یەکشەممە، هەر چوار سەرۆکایەتییەکە بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک مەلەف کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا .
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران، لە لەبەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، ڕایگەیاندووە، "ئەمڕۆ یەکشەممە "محەممەد حەلبوسی" سەرۆکی پەرلەمان، میوانداری کۆبوونەوەیەکی کرد کە تیایدا" عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید" سەرۆک کۆمار و" محەمەد شیاع سودانی" سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و "دادوەر فایق زەیدان "سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئامادەی بوون تاوتوێ بارودۆخی گشتی وڵات و ژمارەیەک مەلەفی گرینگیان کرد .
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە:- لە میانی کۆبوونەوەکەدا هەرچوار سەرۆکایەتییەکان ئیدانەی ئەو رێگا پێدانەیان کرد کە دەسەڵاتدارانی سوید بۆ سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق کردیان. هەروەک کۆبونەوەکە پشتیوانی خۆیان بۆ ڕێکارەکانی حکومەت دەربڕی بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوید یا هەر وڵاتێک کە ڕێز لە پیرۆزییەکانی موسڵمانان نەگرێت یان پشتگیری لە هەر کارێک بکات کە سووکایەتی بە پیرۆزییەکان و ئایینەکان بکات، لە هەمان کاتدا جەختیان لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست کردەوە بۆ پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان.
بەپێی بەیاننامەکە هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە مەلەفی یاسای گشتی بودجەی فیدراڵی و پێویستی تەواوکردنی ڕێنماییەکانی و بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکان و کوالیتییان، و خەرجکردن بەپێی ئەولەویەتەکان و بە شێوەیەک کە لەگەڵ بەرنامەی حکومەتدا بگونجێت کرا.
سەبارەت بەبەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیش، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی مادەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ و سەرجەم وردەکارییەکانی پەیوەست بە داهاتی نەوت و غەیرە نەوت و خەرجکردنی ئەوماف و شایستانەی کە لە بودجەدا هاتووە کرایەوە .
هەر بەگوێری ناوەرۆکی بەیاننامەکە لە میانی کۆبونەوەکەدا ، چوار سەرۆکایەتییەکە جەختیان لەسەر پێویستی دەرکردن و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە کردووەتەوە کە لە بەرنامەی حکومەت و ناوەرۆکی ڕێککەوتنی لایەنە سیاسیەکاندا هاتوە ،لەوانەش یاسای لێبوردن و یاسای نەوت و غاز ، و یاسای ئەنجومەنی فیدراڵ، ئەوە جگە لە کۆمەڵێک ڕەشنووسی یاسای تەواوکراو لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە کە ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کراون، لەوانەش یاسای دەستەی باڵای ژنانی لێهاتوو و یاسای ماددە هۆشبەرەکان .
لەبارەی لە مەلەفی ئاویش کۆبونەوەکە جەختی لەسەر بەدواداچوون لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کردەوە کە سەرچاوە ئاوەکەیان لێوەدێت، جگە لە پێویستی بونی یاسای ئەنجومەنی باڵای ئاو، هەروەک کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان دەستەڵاتەکان بۆ سەرجەم مەلەفەکاندا کرایەوە.