بەغدا - INA- محەمەد تاڵبی
ئەمڕۆ هەینی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئامارێكی نوێی لەبارەی ژمارەی دەنگدەران و حزب و هاوپەیمانی و ناوەندەكانی تۆماركردنی بەشداربوو لە هەڵبژاردنی پارێزگاكان ئاشكرا كرد، هاوكات میكانیزمی تۆماركردنی بۆ ئاوارەكان و دەنگدەرانی شەنگال ڕوونكردەوە، دووپاتی كردەوە كە بەم نزیكانە كۆبوونەوەیەكی تەكنیكی سازدەكرێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەگەری بەشداریكردنی پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكاندا.
داود سەلمان خزەیر بەڕێوەبەری ڕێكارەكان و ڕاهێنان لە كۆمسیۆن،بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: ژمارەی دەنگدەران بۆ زیاتر لە 95 هەزار كەس بەرزبووەتەوە، هەروەها ژمارەی لایەنە تۆماركراوەكانیش گەیشتووەتە 281 لایەن كە 11 لایەنیان مۆڵەتی مەرجداریان هەیە، ئەمەش بە واتای چاوەڕوانی وەڵامی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەرییە سەبارەت بەوانە.
خزەیر ئاماژەی بەوەشكرد : ژمارەی هاوپەیمانییەكان گەیشتووەتە 41 هاوپەیمانی، ئەمە جگە لە زیادبوونی ژمارەی لایەنە تازەپێگەیشتوەكان بۆ 14 لایەن، ئاماژەی بەوەشكرد زیاتر لە هەزار و 800 تیمی گەڕۆك دەبێت، جگە لە هەزار و 79 ناوەندی تۆماركردن كە لە سەرتاسەری عێراقدا بڵاوبوونەتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد : هەڵمەتەكانی هۆشیاری لەناو وەزارەت و دامودەزگاكان بە هاوكاری نێوان بەشی ئۆپەراسیۆن و پەیوەندییە جەماوەرییەكان بەردەوامە، بەو پێیەی تیمێكی پەروەردەیی لەو بارەوە پێكهێنراوە.
ڕوونیشیكردەوە : پرسی تۆماركردنی ئاوارەكان تەنها لەناو كەمپەكاندایە، جگە لە دەنگدەرانی شەنگال كە مافی ئەوەیان هەیە لە ناوەوە و دەرەوەی كەمپەكان لە سەرتاسەری عێراق ناوی خۆیان تۆمار بكەن، هەروەها وێستگەكانیش بۆ دەنگدان مسۆگەر بكەن.
سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، خزەیر ڕایگەیاند : مەرسومێكی هەرێمی گەیشتە دەست كۆمسیۆن سەبارەت بە جێگیركردنی لە كارنامەی كۆمسیۆن و دیاریكردنی ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن یان نەكردنی، جەختیشیكردەوە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ لیژنە تەكنیكییەكان و ئەنجوومەنی كۆمسیۆن ئەنجامدەدرێت، كە بڕیار لەسەر قبوڵكردن یان ڕەتكردنەوەی هەڵبژاردنی لە ئەوێ دەدات.