سەید سەدر: داوا لە وڵاتانی جیهان دەكەین یاسایەك دەربكەن كە سوتاندنی قورئان بە تاوان بزانێت و بیكەن بە تاوانی تیرۆریستی

سیاسی
  • 20-07-2023, 19:03
  • +A -A

    بەغداد - INA
    سەید موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، داوای لە وڵاتانی جیهان كرد، یاسایەك دەربكەن كە سوتاندنی قورئان بە تاوان بزانێت و بیكەن بە تاوانێكی تیرۆریستی، هاوكات داوای لە گەلانی ئیسلامی كرد بۆ پشتیوانی لە قورئانی بەرز ڕاوەستن.
    سەید سەدر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەی بوو، ڕایگەیاند: سووتاندنی قورئان و ئاڵای عێراق لە مانگی پیرۆزی موحەڕەمدا، پرسەكە بۆ مەزهەبە ئیسلامییەكان گشتگیرتر دەكات، داوا لە هەموو مەزهەبەكان دەكەم پشتگیری لە ئایین و قورئان بكەن.
    وتیشی: گوێم لە ئیدانەكردنی ئەمریكا بوو بۆ سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا، دەوڵەتی تیرۆر و هاوڕەگەزبازان مافی ئەوەیان نییە دەستوەردان لەم بابەتەدا بكەن و باشتر بوو ئیدانەی سووتاندنی قورئان بكەن.
    ئاماژەی بەوەشكرد: هیچ هێرشێك بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان نییە و هێزە ئەمنییەكان ناتوانن بەرگری لە باڵیۆزخانەیەك بكەن كە ڕێز لە هەستی موسڵمانان نەگرێت، وتیشی: من نەمدەویست ئەمجارە پەرەسەندنی سووتاندنی قورئان و ئاڵای عێراق بێت چونكە وێنەی منیش لەوێ بوو، بۆیە نەمدەویست بگۆڕێت بۆ پرسێكی شەخسی.
    هاوكات سەید سەدر داوای لە ڕێكخراوی هاریكاری ئیسلامی و كۆمكاری عەرەبی كرد هەڵوێستیان لە دژی ئەم هێرشە بۆ سەر قورئان هەبێت و داواشی لە سعوودیە و ئێران كرد هەڵوێستی بەهێزتر لە هەڵوێستی ئێستایان هەبێت.
    هەروەها سەدر داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد یاسایەك پەسەند بكەن بۆ ئیدانەكردنی پێشێلكردنی كتێبە ئاسمانییەكان و بە تاوانكردنی سوتاندنی قورئان وەك تاوانێكی تیرۆریستی، و وتیشی: سووتاندنی قورئان ڕێگری دەكات لە ئاساییبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل لەلایەن هەندێك وڵاتی عەرەبییەوە.
    ئاشكراشیكرد: ناچالاكی لەلایەن گەلانی ئیسلامییەوە هەیە بۆ پشتیوانیكردن لە قورئان، و بانگهێشتیان دەكەم بۆ پشتگیریكردن لە قورئانی پیرۆز.
    راشیگەیاند: سوتاندنی قورئان لە سوید بووە، ئەمەش بەو مانایە نییە كە گەلی سوید دژی قورئان و عێراقن، هەروەها بەو مانایەش نییە كە مەسیحییەكان دژی موسڵمانن، داوا لە حكومەتی عێراق دەكەم مەسیحییەكان لە عێراق بپارێزێت، 
    هەروەها سەید سەدر داوای لە موسڵمانانی وڵاتانی ئەوروپا كرد كە ڕێوڕەسمی حسێنیە لە هەموو وڵاتان بە تایبەت لە سوید ئەنجام بدەن، بۆ سەركەوتنی قورئان.