سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ وه‌زیری هێزه‌ چه‌كداره‌كانی فه‌ره‌نسا ده‌كات

سیاسی
  • 20-07-2023, 11:03
  • +A -A

    هەولێر/ INA 
    ڕۆژی چوارشەممە سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، پێشوازی له‌ وه‌زیری هێزه‌ چه‌كداره‌كانی فه‌ره‌نسا کرد

    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیندڕاوێکدا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە تێیدا هاتووە ئێواره‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 19/7/2023 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌  سێباستیان لوکۆرنوی، وەزیری هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
    له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوایین پێشهاته‌كانی شه‌ڕی دژی داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و بارودۆخی ئه‌منیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌، تاوتوێ كرا و هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ داعش هێشتا مه‌ترسییه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه‌ له‌سه‌ر ئارمی و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ بۆیه‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان پێویستییان به‌ به‌رده‌وامیی پشتیوانیی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی و فه‌ره‌نسا هه‌یه‌.
     نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پشتگیری و یارمه‌تیی فه‌ره‌نسا له‌ گه‌لی كوردستان له‌ قۆناغه‌ جیاكاندا دووپات كرده‌وه‌ به‌تایبه‌تی ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی یارمه‌تیده‌ر و پشتگریی به‌رێز ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كرد و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ گه‌لی كوردستان یارمه‌تییه‌كان و پشتگیریی فه‌ره‌نسا هه‌رگیز له‌بیر ناكات.
    لای خۆیه‌وه‌ به‌رێز وه‌زیری هێزه‌ چه‌كداره‌كانی فه‌ره‌نسا خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و جه‌ختی كرده‌وه‌‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی له‌ پشتگیریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌پێناو پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌، هه‌روه‌ها بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش له‌ عێراق و سووریا.
    له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له‌ عێراق و كونسولی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌ماهه‌نگیی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی تیرۆر، دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و شه‌ڕی ئۆكراینا و لێكه‌وته‌كانی و چه‌ند بابه‌تێكی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش، تاوتوێ كران.
    دواتر له‌ لێدوانێكى هاوبه‌شى ڕۆژنامه‌وانیدا هه‌ردوولا باسیان له‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ كرد و له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی:
    زۆر خۆشحاڵ بووم كه‌ ئه‌م ئێواره‌يه‌ لێره‌ له‌ هه‌ولێر پێشوازيمان كرد له‌‌ جه‌نابى وه‌زير. به‌ گه‌رمى به‌خێرهاتنى ده‌كه‌ين بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان. سه‌ردانيان په‌يامێكى گرنگى به‌رده‌واميى پشتگيرى و دۆستايه‌تيى فه‌ره‌نسايه‌ له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان. زۆر به‌ خێر بێن.
    كۆبوونه‌وه‌يه‌كى باشمان هه‌بوو. باسمان له‌ شه‌ڕى دژى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و توندڕه‌وى كرد. هه‌ردوولامان هاوڕا بووين كه‌ داعش هێشتا مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌ و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌ ئاسايش و سه‌قامگيريى عێراق و ناوچه‌كه، بۆيه‌ پێويسته‌ هاوكارى و پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى و فه‌ره‌نسا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام بێت.
    سوپاسى فه‌ره‌نسامان كرد بۆ پشتگيرى و دۆستايه‌تيى به‌رده‌واميان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان. گه‌لى كوردستان هه‌رگيز يارمه‌تى و پشتيوانيى فه‌ره‌نسا له‌ قۆناغه‌ جياكاندا له‌بير ناكات. سوپاس و پێزانينمان بۆ ڕۆڵى سه‌رۆك ماكرۆن دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌ بۆ په‌يوه‌ندى و پشتگيريى به‌رده‌وامى له‌ عێراق و له‌ هه‌رێمى كوردستان.
    پشتگيرى له‌ ڕێككه‌وتن و لێكگه‌يشتنه‌كانى نێوان عێراق و فه‌ره‌نسا ده‌كه‌ين. چاومان له‌وه‌يه‌ هه‌رێمى كوردستانيش به‌شى خۆى لێى سوودمه‌ند بێت، به‌تايبه‌تيش له‌ بوارى يارمه‌تيدان و مه‌شق و ڕاهێنانى پێشمه‌رگه‌دا.
    جه‌ختمان له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى هه‌ماهه‌نگى و هاريكاريى هاوبه‌شى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تيدا كرده‌وه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و ته‌حه‌دييه‌ ئه‌منيانه‌ى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌دا هه‌ن.
    دۆخى شه‌نگال و ئێزدييان و مه‌سيحى و پێكهاته‌كان و گرنگيى زه‌مينه‌خۆشكردنمان باس كرد بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌ ئێزدييه‌كان بۆ شوێنه‌كانيان. له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌ردوولامان هاوڕا بووين كه‌ گرنگه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵى عێراقى بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال جێبه‌جێ بكرێت.
    سوپاسى كار و هه‌وڵه‌كانى باڵيۆزخانه‌ى فه‌ره‌نسا له‌ به‌غدا جه‌نابی باڵيۆز و كونسولخانه‌ى گشتييان له‌ هه‌ولێر كونسولی گشتيی فه‌ره‌نسا بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ين.

    جه‌نابی وه‌زیر دووباره‌ به‌ خێر بێن بۆ هه‌ولێر.

    دواتر  وه‌زيرى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى فه‌ره‌نسا گوتى:

    سوپاس جه‌نابى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاس بۆ ئه‌م پێشوازييه‌ گه‌رمه‌، سوپاس بۆ ئه‌م وشه‌ دۆستايه‌تيانه‌ و بۆ ئه‌و شێوازه‌ له‌ پێشوازيى ئه‌و شانده‌ى كه‌ سه‌رۆكايه‌تى ده‌كه‌م. سوپاسى باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق و سوپاسى كونسولى گشتيى فه‌ره‌نسا له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌م.
    له‌ ساتێكى زۆر تايبه‌تدا بۆ هه‌موو جيهان كه‌ تيايدا زۆر ئاڵۆزيى ئه‌منى هه‌يه‌ و ده‌بێ پێكه‌وه‌ ڕووبه‌ڕوويان ببينه‌وه‌ وه‌ك‌ له‌ ميانه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ماندا ئاماژه‌مان پێدا، فه‌ره‌نسا خۆى به‌هێزتر ده‌كاته‌وه.‌ له‌ په‌رله‌مانى فه‌ره‌نسا ده‌نگمان به‌ ياسايه‌ك دا بۆ په‌سه‌ندكردنى بودجه‌يه‌كى بێوێنه‌.
    كه‌ ده‌ڵێم بێوێنه‌، ڕێكاره‌كانى جه‌نه‌رال شارل ديگۆلمان به‌ بير دێنێته‌وه‌ كه‌ سه‌رده‌مى ساڵانى شه‌سته‌كان بۆ به‌ڕێوه‌بردنى چه‌ندين دۆخى جياوازى قه‌يراناوى وه‌ك بڵاوبوونه‌وه‌ى چه‌كى ئه‌تۆمى و گه‌ڕانه‌وه‌ى ڕكابه‌ريى زلهێزه‌كانى جيهان، هاتنه‌ ئاراوه‌، ئه‌وانيش بريتين له‌ پرسه‌كانى تايبه‌ت به‌ گۆڕانى كه‌شوهه‌وا و ئاڵنگاريى ئه‌منى له‌ وشكانى و ده‌رياكاندا، له‌گه‌ڵ بابه‌تێكى زۆر زه‌قى ‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ‌ كه‌ تيرۆره‌.
    هه‌ر وه‌ك به‌ جه‌نابتانم ڕاگه‌ياند، فه‌ره‌نسا به‌ قووڵى په‌يوه‌ندييه‌كى تايبه‌تى به‌م بابه‌ته‌وه‌ هه‌يه‌ كه‌ په‌يوه‌ندييه‌كى سۆزادارانه‌يه‌، هه‌روه‌ها جێگه‌ى داخه‌‌ كه‌ په‌يوه‌ندييه‌كى له‌گه‌ڵ نه‌هامه‌تييه‌كانيشدا هه‌يه‌. ئێمه‌ ته‌قينه‌وه‌كانى پاريس و نيسمان بينى، ده‌شزانين ئه‌و خوێنه‌ى له‌ فه‌ره‌نسا ڕژاوه‌، چ په‌يوه‌ندييه‌كى له‌گه‌ڵ نه‌هامه‌تييه‌كاندا دروست كردووه‌، بۆيه‌ له‌ پرسى له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى تيرۆردا، فه‌ره‌نسا وه‌ك ئه‌وانى ديكه‌ وڵاتێكى ڕۆژئاواييى ئاسايى نييه‌.
    ئه‌مه‌ ناچارمان ده‌كات بۆ دڵنيابوونه‌وه‌ له‌و ئه‌نجانامه‌ى لێره‌‌ هێزه‌كانمان به‌ ده‌ستيان هێناوه‌ له‌ ڕێگه‌ى ئه‌و ئۆپه‌راسيۆنه‌ى به‌ “شه‌مال” ناسراوه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و ئۆپه‌راسيۆنانه‌ى له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيدا ئه‌نجام دران، ئه‌و ئۆپه‌راسيۆنانه‌ى له‌ چوارچێوه‌ى په‌يوه‌نديى دوولايه‌نه‌ش ئه‌نجام دران. ئه‌نجامى ئه‌م ئۆپه‌راسيۆنانه‌ لێره‌ له‌به‌ر چاون و هيوربوونه‌وه‌يه‌كيش نيشان ده‌ده‌ن.
    ‌لانى كه‌م،‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر وه‌ك ئاڵنگارييه‌ك ده‌مێنێته‌وه‌. وه‌ك ئاڵنگارييه‌كى به‌رده‌وام، وه‌ك ئاڵنگارييه‌كى زۆر ناسك بۆ هه‌موو ساتێك، به‌ ته‌واويش له‌گه‌ڵ ئيسلامى ڕاديكال كه‌ ده‌وڵه‌تى ئيسلامييه‌ (داعش)، ئه‌ركمان كۆتايى نه‌هاتووه‌. بۆيه‌ ده‌بێ به‌رده‌وامى به‌ هاريكاريى هاوبه‌ش بده‌ين له‌ بوارى هه‌واڵگرى و له ‌بوارى مه‌شق و ڕاهێناندا. وه‌ك جه‌نابشتان ئاماژه‌تان پێدا جه‌نابى سه‌رۆك، منيش ناگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ريان، به‌ڵام ئه‌مانه‌ كليلن بۆ داهاتوو به‌ مه‌به‌ستى خێراتركردنى ئه‌و پرسانه‌ى كه‌ تايبه‌تن به‌ ئاسايش.
    دواتر ده‌رفه‌تى ئه‌وامان ده‌بێت كه‌ بێينه‌ سه‌ر پرسێكى ديكه‌ى جيهانى كه‌ ئه‌ويش ئۆكراينايه‌. ئه‌مه‌ش بابه‌تێكه‌ ديپلۆماسيه‌تى فه‌ره‌نسى له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا زۆر پێوه‌ى سه‌قاڵ بووه‌. ده‌رفه‌تيشه‌ به‌و ميديايه‌ى لێره‌يه‌، هه‌روه‌ها به‌ چاودێرانى جياوازيش ڕابگه‌يه‌نم كه‌ فه‌ره‌نسا كورتبين نييه‌ كاتێك ده‌ڵێت قه‌يرانى ئۆكراينا وزه‌يه‌كى زۆرى ڕۆژاواى به‌ خۆيه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردووه. ده‌زانين تا چه‌ند به‌رامبه‌ر دۆستان و هه‌موو هاوبه‌شه‌كانمان قه‌زرارين بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و ئاڵنگارييانه‌ى كليلن بۆ سه‌قامگيريى ناوچه‌كه، هه‌روه‌ها بۆ ئاسايشى كوردستانى عێراق و هاووڵاتييه‌ فه‌ره‌نسييه‌كان.
    ئه‌مه‌ په‌يامى ئه‌م سه‌ردانه‌مه‌ كه‌ په‌يامى دۆستايه‌تى و وه‌فادارييه‌، په‌يامى سوپاسگوزارييه‌ بۆ ئه‌و كارانه‌ى تا ئێستا ئه‌نجام دراون، هه‌روه‌ها بۆ پرۆژه‌كانيش. پرۆژه‌كان بۆ داهاتوو ده‌رباره‌ى ئه‌و ئاڵنگارييانه‌ى له‌ ئه‌ستۆمانن، ئه‌و ئاڵنگاريانه‌ش كه‌ به‌رده‌وام ڕووبه‌روومان ده‌بنه‌وه‌ و ده‌بێ پێكه‌وه‌ به‌ره‌نگاريان ببينه‌وه‌.
    جارێكى ديكه‌ زۆر سوپاس بۆ ئه‌م پێشوازييه‌ گه‌رمه‌. مايه‌ى خۆشحاڵيمه‌ بۆ يه‌كه‌مين سه‌ردانم بۆ هه‌ولێر كه‌ هه‌رگيز له‌ بيرى ناكه‌م.