هەولێر/INA
ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مسرور بارزانی، نوێنەری نوێی حکومەتی هەرێم لە ئەمەریکا دەستنیشان کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیندڕاوێکدا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە تێیدا هاتووە،ئەمڕۆ دووشەممە 7/17 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، (تریفە عەزیز)ی وەک نوێنەری نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا دەستنیشان کرد.
تریفە عەزیز لەم دواییانەدا، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکومەت بوو. پێشتریش بۆ زیاتر لە 25 ساڵ، لە ئەرکی جۆراوجۆردا لە ئەمەریکا لە کەرتی گشتی و تایبەتدا کاری کردووە. هەروەها لە ساڵانی نەوەدەکاندا نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە لە واشنتن- DC.
نوێنەری پێشووی حکومەتی هەرێم (بەیان سامی عەبدولڕەحمان)، دوای هەشت ساڵی سەرکەوتوو لە واشنتن دی سی، دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و وەک ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری دەرەوە و گۆڕانی کەشوهەوا لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەت لە هەولێر دەستبەکار دەبێت. پێشتریش بۆ ماوەی
10 ساڵ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لە بەریتانیا. هەروەها ماوەیەکی زۆریش کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە.
نووسینگەی سەرۆکی حکومەت، پیرۆزبایی لە هەردوو بەرپرسەکە دەکات و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت لە پێناو بەردەوامبوونیان لە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.