بەغداد/ INA
ئەمڕۆ دووشەممە "لەتیف جەمال ڕەشید "سەرۆک کۆمار،لە کۆشکی بەغدا پێشوازی لە"حەیدەر حەنون " سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و دادوەرانی دەستەکەو وەفدی یاوەری کرد.
لەبەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی کۆماردا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردوویەتی ، تیایدا هاتووە :- لەدیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەسەر گرنگی ئەو ڕۆڵەی کە دەستەی دەستپاکی دەیگێڕێت لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاراندا، هەروەک دوپاتیکردەوە لە پێویستی بەدواداچون و گەڕاندنەوەی پارە بەقاچاغ براوەکانی عێراق .
لە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی کۆماردا هاتووە :- کە سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە پێداچوونەوە بە خشتەی مووچەدا بکەنەوە، چونکە کەمی مووچەی هەندێک توێژ دەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی بەرتیل و گەندەڵی ، هەروەها پێویستی پێداچوونەوە بە سیستەمی یاسادانانی داراییدا بکرێت بە شێوەیەک کە گەندەڵی سنووردار بکات و جەختیشی لەوە کردەوە کەسەرۆکایەتی کۆمار پشتیوانی لەهەوڵەکانی دەستەی دەستپاکی دەکات و کاریش دەکرێت بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی یاسادانان بەشێوەیەکی گشتی و بەتایبەتی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەوەک ئاماژەی بەوەشدا کە سەرۆکایەتی کۆمار پڕۆژەیەکی بۆ گۆڕانکاری لە یاسای ماددەی هۆشبەرەکاندا ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران کردوە کە سزای توندتر بە سەر بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و بەشداربووان لەو پرۆسەیە و بازرگانیکردن پێوەی بسەپێنرێت .
بەپێی بەیاننامەکەبێت ، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی زاڵبوون بەسەر ڕۆتین و ئاسانکاری بۆ ڕێوشوێنە ئیدارییەکان کرد بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی گەندەڵی ئیداری و دارایی.
لەلای خۆیەوە "حەیدەر حەنون" هەوڵەکانی دەستەی دەستپاکی خستەڕو بۆ بەدواداچوونی گەندەڵکاران و بەقاچاغ بردنی سامانی عێراق و جەختی لەوە کردەوە کە گەندەڵی بەهەمو جۆرەکانیەوە پەتایەکە لەجەستەی دەوڵەتدا، رونیشکردەوە کە سەرۆکایەتی کۆمار ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە کەمکردنەوەی دیاردەی گەندەڵیدا.