بەغداد/INA
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکایەتی کۆمار لەبەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی ، رایگەیاندوە "دکتۆر لەتیف جەمال رەشید "سەرۆک کۆمار،لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە "چارڵز لوانگە سونا" کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی دەوڵەتی ڤاتیکان لە عێراق .
لەبەیاننانەکەی سەرۆکایەتی کۆماردا هاتووە :- لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار باسی لە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی سەرۆکایەتی کۆمار ژمارە (147) ی ساڵی 2013 کرد، کە تێیدا سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە بەهیچ شێوەیەک ئەو مەرسومە زیان بە پێگەی ئایینی و یاسایی "کاردینال لویس ساکۆ " ناگەیەنێت، چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا "فرەنسیس " و کڵێسای کاسۆلیکییەوە ئەو پلەی پاتریارکی کڵێسای کلدانی عێراق و جیهانی پێبەخشراوە.
بەپێی بەیاننامەکە :- سەرۆک کۆمار روونیکردۆتەوە کە هەڵوەشاندنەوەی مەرسومەکە، بۆ ڕاستکردنەوەی دۆخی دەستووری بوو، کە بەبێ بنەمایەکی دەستوری یان یاسایی دەرچوە، هەروەها بەهۆی داواکردنی سەرۆکی کڵێساکان و پێکهاتە ئایینیەکانی دیکە بۆ مەرسومی هاوشێوەی سەرۆکایەتی کۆمار، کە هیچ بنەمایەکی دەستووری نی یە .
هەروەک دوپاتیشی کردۆتەوە کە پاتریارک "لویس ساکۆ" وەک پاتریارکی کڵێسای کلدان لە عێراق و جیهان جێگای ڕێز و پێزانینی سەرۆکایەتی کۆمارە.
لای خۆیەوە، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ڤاتیکان، دوپاتیکردەوە کە باڵیۆزخانەی ڤاتیکان، هیچ تێبینیەکی لەبارەی ڕێکارەکانی سەرۆکایەتی کۆمار نیە .