ڕاوێژکارێکی سودانی چەند ئامانجێکی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بۆ سوریا ئاشکرادەکات

سیاسی
  • 16-07-2023, 22:40
  • +A -A

    بەغداد/ INA
    ئەمڕۆ یەکشەممە"فادی شەمەری" ڕاوێژکاری سیاسی سەرۆک وەزیران، دووپاتیکردەوە کە سەردانەکەی "محەممەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیران بۆ سوریا، ئامانجی سیاسەتێکی ئابووری هاوبەشە کە بەرهەمداری بۆ وڵاتانی ناوچەکە دەچەسپێنێت.
    "شەمەری"لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، ڕایگەیاندووە:- سەردانەکەی "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیران بۆ سوریا، دەرفەتێکە بۆ پشتیوانی عێراق بۆ یەکڕیزی و ئاسایش و سەقامگیری سوریا، هەروەها بۆ وەبیرهێنانەوەی پشتیوانی عێراقە لە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی و وەرگرتنی شوێنی سروشتی خۆی.
    ئاماژەی بەوەشکرد کە " دووپاتکردنەوەی پشتیوانی عێراق بۆ ئەو هەوڵانەی کە بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر گەلی سوریا خراونەتەگەڕ و پاڵپشتی هەوڵەکان بۆ ئارامی ناوچەکە، و پێویستی ئەو هاوکاریە هاوبەشەی نێوان هەردوو وڵات و وڵاتانی ناوچەکە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری، کە خاڵی سەرەکیە بۆ گەشەپێدانی ئابووری.
    لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئەو راوێژکارە باسی لەوەشکردلە سەردانەکەدا تیشک خراوەتە سەر گفتوگۆکردن لەسەر ئاستەنگە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەوانە مەلەفی پەنابەران و تەحەدای پەیوەست بە کەمی ئاو و کاریگەرییە ژینگەییەکانی لەسەر هەردوو وڵات، جگە لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان.
    ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامانجێکی دیکەی سەردانەکە تاوتوێکردنبوو لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، و بەهێزکردنی هاوکاری لە بوارە جیاوازەکاندا لەوانەش ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وزە و گواستنەوە و پیشەسازی،هەروەها دووپاتکردنەوەی هەماهەنگی بەردەوامی نێوان هەردوو وڵات لەسەر پرسە جیاوازەکان، بەتایبەتی هەماهەنگی ئەمنی و هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.