بەغداد - INA
سەرۆك كۆمار عەبدوڵەتیف جەمال ڕەشید ، ئەمڕۆ چوارشەممە، تەئكیدی بە بەردەوامی كاركردن بۆ ئازادكردنی زیندانیان و دەستبەسەركراوان كردەوە.
سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، رایگەیاند: سەرۆك كۆمار عەبدوڵەتیف جەمال ڕەشید پێشوازی لە وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شەمەری كرد.
سەرۆك كۆمار تەئكیدیكردەوە: كە ئاسایش و سەقامگیری دوو پایەی بنەڕەتی و گرنگن بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و هاندانی دەرفەتی وەبەرهێنان لە وڵاتدا، و هەروەها جەختی لە پێویستی گرنگیدانی تەواو بە مافەكانی هاووڵاتیان كردەوە.
هاوكات ئاماژەی بە كاركردنی بەردەوام لەسەر پرسی زیندانیان و دەستگیركراوان و ئازادكردنیان دوای تەواوبوونی سزاكانیان بەپێی یاسا كرد، و وتیشی: كار دەكرێت بۆ خستنەڕووی چەندین ڕەشنووسی یاسا، لەنێویاندا پڕۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان.
هەروەها سەرۆك كۆمار ستایشی چالاكی و هەوڵەكانی وەزارەتی ناوخۆی لە بەغدا و پارێزگاكان كرد بۆ بەرزكردنەوەی هەوڵی ئەمنی و كەمكردنەوەی تاوان بە شێوەیەك كە پاراستنی هاووڵاتیان و مافەكانیان مسۆگەر بكات.
لە بەرامبەردا وەزیری ناوخۆ تەئكیدیكردەوە: كە وەزارەت كار بۆ پاراستنی سنوورەكان بەتایبەت لە پارێزگاكانی باشوور و ڕێگریكردن لە قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر بۆ ناو وڵات دەكات، و وتیشی: كارەكان بەردەوامن بۆ مۆدێرنكردنی خزمەتگوزارییە ئەمنییەكان لە پێكهاتە جیاوازەكانیاندا، هەروەها بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمی ڤیزەی ئەلیكترۆنی.