بەغدا –INA
ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆك كۆمار دكتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، جەخت لەسەر پێویستی كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان دەكاتەوە بۆ پێشگرتن لە قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەكان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
سەرۆكایەتی كۆمار لە راگەیندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە تێیدا هاتووە :" سەرۆك كۆمار لەتیف جەمال ڕەشید، ، لەكۆشكی بەغدا، پێشوازیكرد لە شاندێكی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و دەروونییەكانی پەرلەمان بە سەرۆكایەتی عەدنان ئەلجحێشی .
هەروەها لە راگەیندراوەكە ئەوەیش هاتووە " سەرۆك كۆمار ستایشی پێكهێنانی لیژنەكەی كرد و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پشتیوانیكردنی بۆ بەدیهێنانی ئامانج و پلانەكانی لە هەموو پارێزگاكاندا بەمەبەستی سنوورداركردنی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، هەروەك ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە لیژنەكە نوێنەرانی پارێزگاكان لەخۆبگرێت".
جێگای باسە سەرۆك كۆمار جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە چەندین هەنگاوی سەرەتایی لەم دۆسیەیەدا بنرێت و پشتیوانییان لێ بكرێت لە ڕێگەی ئەنجامدانی سیمینار و وۆركشۆپەوە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری و دامەزراندنی ژێرخانێكی تایبەت بە چارەسەركردنی بەكارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەكان.دكتۆر لەتیف ئاماژەی بە" پێویستی بونیادنانی كلتوورێكی جددی كرد لە ڕێگەی میدیاوە، هەروەها باسی لە داواكردنی دامەزراندنی سندوقی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و چارەسەركردنیانی كرد لە پڕۆژە یاسای ژمارە (50) ی ساڵی 2017 دا، كە تێیدا كار بۆ پڕكردنەوەی زۆرێك لە كەموكوڕییەكانی ئەم یاسایە كراوە، لەمیانی گۆڕانكاری لە پڕۆژە یاساكە كەسەرۆكایەتی كۆمار ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردوە" .
هەروەها سەرۆك كۆمار گرنگی پەسەندكردنی ڕاسپاردە ڕاستەقینەكانی ڕوونكردەوە بۆ چارەسەركردنی پرسێكی بەردەوام كە پێویستی بە هەڵوێستەیەكی جددی هەیە بە كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان و ڕێگریكردن لە بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
لەلای خۆیانەوە، ئەندامانی شاندەكە دوپاتیان كردەوە كە لیژنەكە لە (15) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران پێكهاتووە و ئاماژەیان بەوە كرد كە كاریان كردوە بۆ دامەزراندنی داتابەیسێك و لیژنەكەیشیان تاكە لیژنەی تایبەتە بە ماددە هۆشبەرەكان لە نێو پەرلەمانە عەرەبیەكاندا.
شاندەكە ئاماژەیان بەوەشكردووە، كە كار دەكرێت بۆ دامەزراندنی چەندین كلینیك لە هەموو پارێزگاكاندا بۆ چارەسەركردنی حاڵەتەكانی ماددەی هۆشبەر وجەختیشیان كردەوە لەسەر پێویستی پشتگیریكردن و پشتیوانیكردنی ئەو كەسانەی بەرپرسیارن لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، لەوانە ئەفسەران و كارمەندان.
هەروەها ئەندامانی شاندەكە ئاماژەیان بەوە كرد كە میدیا هاوبەشێكی سەرەكییە لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و پێویستە ڕۆڵی چالاك بكرێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی بەرزكردنەوەی هۆشیاری و پاراستنی كۆمەڵگەكانمان لەم پەتا مەترسیدارە.