سلێمانی - INA
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی زەڕایەنی سەر بەبەشی پۆلیسی شارەزور چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد كە لەسەر ڕێگای دەربەندیخان - زەڕایەن ئوتۆمبێلیان ڕادەگرت و دوای بێهۆشكردنی شۆفێرەكەی پارە و كەلوپەلی ناو ئوتۆمبێلەكەیان دەدزی.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا كەدەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە تێیدا هاتووە": لەئەنجامی بەدواداچوون و چاودێریكردنی بەرەوامیی ڕێگا سەرەكییەكان لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی زەڕایەنی سەر بە بەشی پۆلیسی شارەزوور چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد كە لەشێوەی بانددا لەسەر ڕێگای دەربەندیخان - زەڕایەن خۆیان وەك سەرنشین نیشاندەدا و ئوتۆمبێلیان ڕادەگرت و دوای بێهۆشكردنی شۆفێرەكەی بە ماددەی بێهۆشكار، پارە و كەلوپەلی ناو ئوتۆمبێلەكەیان دەدزی".
هەروەها ئاماژەی بەوەشكردوە كە "لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكاندا دەستگیرا بەسەر ئەو بڕە پارە و كەلوپەلانەدا كە تۆمەتباران لەشۆفێری ئۆتۆمبێلێكیان دزیبو، هەروەها دەستیشگیرا بەسەر ئەو ئوتۆمبێلەدا كە بەتۆمەتباران بو".
باس لەوەش كراوە:" لەئێستادا تۆمەتباران (ك، س، س لەدایكبووی ١٩٩٠- س، م، س لەدایكبووی ٢٠٠٣- ر، ت، أ لەدایكبووی ٢٠٠٣- ع، ت، أ لەدایكبووی ٢٠٠٥) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٤٤ لە یاسای سزادان ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە".