قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق کۆبووەوە

سیاسی
  • 6-07-2023, 20:23
  • +A -A

    هەولێر/ INA 
    ئەمڕۆ پێنجشەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق کۆبووەوە.

    نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیندڕاوێکدا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە تێیدا هاتووە،قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە مارک ریچاردسن برایسن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق کە بە مەبەستی ماڵئاوایی کردن و کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە عێراق سەردانی کردبوو.
    لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە ٦ی تەمووزی ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی رۆڵی باڵیۆزی بریتانیای کرد لە عێراق کە لە ماوەی ئەرکەکەیدا رۆڵی گرنگی بینیوە لە هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی نێوان لایەنە عێراقییەکان و بە تایبەتیش هاوکار و یارمەتیدەر بووە لە لێکتێگەیشتن و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.
    قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەوەی مارک ریچارد برایسنی وەک دۆستێکی راستەقینەی عێراق و کوردستان ناوبرد و هیواشی خواست لە ئەرکی داهاتوویدا سەرکەوتووبێت.
    لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە وەکچۆن لە ماوەکانی رابردوو پەیوەندییەکان بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، پێویستە هەردوولا هەوڵ بدەن ئاستی لێکتێگەیشتن و پەیوەندییەکانی نێوانیان پەرەپێبدەن و پێکەوە کاربکەن بۆ گەشەپێدانی ئابوری عێراق و هەرێمی کوردستان و کێشە چارەسەرنەکراوەکانی نێوانیان بەشێوەیەکی ئاشتیانە و بەدوور لە بارگرژی بەپێی دەستور چارەسەر بکەن.