بەغداد - INA
وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەگەڵ هاوتا ئێرانییەكەی، ئەمیر حسێن عەبدوڵلاهیان، دۆسیەكانی باجی غاز و كەنداوی عەرەبی و دیاریكردنی سنوورەكانی تاوتوێ كرد.
وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ حسێن لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی وەزاری بزووتنەوەی بێ لایەنەكان، كە لە باكۆ و لە رۆژانی 5-6ی تەمموزی 2023 بەڕێوەدەچێت، چاوی بە عەبدوڵلاهیان كەوت و هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر ڕێگاكانی باشتركردنی ئاسۆكان كرد لە هاوكاری دوولایەنە و هەماهەنگی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات سەبارەت بە پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان.
بەپێی بەیاننامەكە، حسێن ئاماژەی بەوەكرد: كە سەقامگیری پەیوەندییەكان لە ناوچەكەدا لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات و ناوچەكەدایە، و هەروەك ئاماژەی بەو بەڵێنە ئەمنییە دا كە بەم دواییە لە نێوان هەردوولا واژۆكراو چووە بواری جێبەجێكردنەوە.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە هەردوولا پرسی شایستەكانی غازی ئێران و بەردەوامی دابینكردنی ئەو پارەیەیان تاوتوێ كردووە، بۆ ئەوەی كەمیی لە دابینكردنی كارەبادا دروست نەبێت، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا كار بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانە دەكرێت كە ڕێگری لەم كارە دەكەن، هەروەها باس لە دۆسیەی كەنداوی عەرەب و دیاریكردنی سنوورەكان و بەردەوامی كاری تیمە تەكنیكییەكانی نێوان هەردوولا كرا.
لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئێران تەئكیدیكردەوە: كە پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو وڵات لە باشترین ئاستدایە، هەروەها دۆسیەی جۆراوجۆرەكانی نێوان هەردوولا لە بارێكی باشدا بەرەوپێشەوە دەچێت، و سوپاسی ڕۆڵی عێراق و حكومەتەكەی و وەزیری دەرەوە فوئاد حوسێنی كرد لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و شانشینی سعودیە.