بەغداد - INA
دەزگای هەواڵگری و لێكۆڵینەوەی فیدراڵی لە وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 200 هەزار تۆن بەرهەمە نەوتیەكانی ڕاگەیاند كە بۆ بەقاچاخبردن ئامادەكرابوو.
وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: دەزگای هەواڵگری و لێكۆڵینەوەی فیدراڵی بەردەوامە لە كارو چالاكیەكانی خۆی بۆ كەمكردنەوەی حاڵەتەكانی قاچاخچێتی نەوت و بەرهەمەكانی، و بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییە دروستەكان مەفرەزەكانی دەزگاكە توانیان دەست بەسەر شوێنێكدا بگرن كە بۆ بازرگانی نایاسایی و قاچاخكردنی نەوت و بەرهەمەكانی لە سنوری پارێزگای بەغداد بەكارهێنرابوو، كە (19) تانكی ئاسن بە قەبارەی گەورە لەناو شوێنەكەدا دۆزرایەوە، كە بەرهەمە نەوتییەكانی تێدابوو بە بڕی جیاواز بۆ هەر تانكییەك، بە كۆی گشتی زیاتر لە (200,000) تۆن بوو.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: ماددە دەستبەسەرداگیراوەكان بەشێوەی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە و ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراون، هەروەها ڕێكاری پێویست گیراوەتەبەر بۆ تەواوكردنی نوسراوی لێكۆڵینەوە.