بەغداد - INA
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی دادوەر حەیدەر حەنون، ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەئكیدیكردەوە: كە دەستەكە پیشەیی كاردەكات لە كردنەوەی دۆسیەكانی گەندەڵیدا.
دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: دادوەر حەیدەر حەنون لە بارەگای دەستە پێشوازی كرد لە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئەحمەد ئەسەدی، و تەئكیدیكردەوە: كە دەستەكە تیشك دەخاتە سەر لایەنی ڕێگریكردن لە ئێستادا، بۆ كەمكردنەوەی گەندەڵی و ڕێگریكردن لە هەر كەسێك كە هەوڵ بدات دەستكاری ماڵی گشتی بكات.
ئاماژەی بەوەشكرد: یاسادانەری عێراقی ڕۆڵی لایەنی پەروەردەیی و هۆشیاریی لە كەمكردنەوەی گەندەڵی و بڵاوكردنەوەی بەهاكانی دەستپاكی پشتگوێ نەخستووە.
حەنون تەئكیدی لە پاراستنی پارەی هەژاران لە چنگی گەندەڵكاران و خراپەكاران كردەوەو داوای پێویستی پاراستنی سندوقی چاودێری كۆمەڵایەتی لە گەندەڵكاران كرد بۆ ئەوەی هەژاران شایستەیی خۆیان بەدەستبهێنن.
هەر بەپێی بەیاننامەكە، دادوەر حەیدەر حەنون هۆشداریدا، كە دەستەكە بەپێی دەستوور و یاسا كارپێكراوەكان كاردەكات، و تەئكید لە بێلایەنی و بابەتییەت لە كردنەوەی دۆسیەكانی گەندەڵیدا دەكاتەوە، وتیشی: لێكۆڵەرەوانی دەستەكە تەنها بەدوای گەندەڵی و گەندەڵكاراندا دەگەڕێن و كار لەسەر دۆسیەكانی گەندەڵی دەكەن.
لای خۆیەوە ئەحمەد ئەسەدی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ستایشی كاری دەستەی دەستپاكی فیدراڵی و هەوڵەكانی لە پاككردنەوەی دامودەزگاكانی دەوڵەت لە پیسی گەندەڵی كردەوە، هەروەك ستایشی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی كرد كە لە چەند مانگی ڕابردوودا لەلایەن تیمەكانی دەستەكەوە ئەنجامدراون، كە بە گەورە و هیوابەخش وەسفی كرد.