بەغداد - INA
سەرۆك كۆمار عەبدوڵەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زایۆنیی لە شاری جەنینی فەڵەستین شەرمەزاركرد و هاوسۆزی بۆ گەلی فەڵەستین دووپاتكردەوە.
رەشید لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە كاتێكدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل لە شاری جەنینی فەڵەستین شەرمەزار دەكەین، هاوكات هاوسۆزی خۆمان بۆ گەلی فەڵەستین دوپاتدەكەینەوە و سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانییەكان دەكەین و لە خودای گەورەیش دەپاڕێینەوە كەبرینداران خێرا چاك ببنەوە .
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كە كۆماری عێراق پابەندبوونی خۆی بە بڕیارنامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دووپات دەكاتەوە و پشتیوانی لە هەموو هەنگاوێكی ئاشتیانە دەكات بۆ گەیشتن بە داخوازییەكانی گەلی فەڵەستین، هەروەها داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین پابەندبوونی خۆیان بۆ ئەو بڕیارانەی دەریانكردووە دەرببڕن كە دەبێتە هۆی بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و دەبێتەمایەی بەدیهێنانی ئاشتییەكی دادپەروەرانە و پێشكەشكردنی هاریكاریی بەپەلە بۆ گەلی فەڵەستین بۆ تێپەڕاندنی دەرئەنجامەكانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی ئەم دواییە .
سەرۆك كۆمار راشیگەیاند: پێویستە سەركردە و حكومەتەكانی وڵاتانی ناوچەكە پەلە بكەن لە دەستپێكردنی رێگە چارەیەكی سیاسی كە كۆتایی بە توندوتیژی بهێنێت و ئەو پێشێلكاری و هەڕەشانە ڕابگرێت كە دەیان ساڵە ڕووبەڕووی خەڵكی سڤیل بوونەتەوە، ئەمەش تەنها بە داننان بە مافەكانی گەلی فەڵەستین و بەدەستهێنانیان بە ڕێگەی ئاشتیانە بەدیدێت.