وەزارەتی ناوخۆ سزادانی 50 كۆمپانیا كە پابەندی فرۆشتن بە دینار نەبوون رادەگەیەنێت

ئەمنی
  • 5-07-2023, 17:31
  • +A -A

    بەغداد - INA
    وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ چوارشەممە، تەئكیدی لە جێبەجێكردنی گرتن و سزای یاسایی لە دژی 50 كۆمپانیا و قەوارەی بازرگانی كردەوە كە پابەند نەبوون بە كڕین و فرۆشتن بە دیناری عێراقی، ئاماژەی بەوەشدا: كە زیاتر لە 11 هەزار بەڵێننامە وەرگیراوە بۆ پابەندبوون بە یاسا و مامەڵەكردن تەنها بە دینار.
    بەڕێوەبەری بەشی ئۆپەراسیۆن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێكخراو لە وەزارەتی ناوخۆ عەمید حسێن تەمیمی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: پابەندبوونێكی گەورە لەلایەن كۆمپانیاكان و ناوەندە بازرگانیەكان و پێشانگاكانی ئۆتۆمبێلەوە هەیە بۆ هەڵمەتەكەو پاڵپشتیكردنی دینار و وەستاندنی فرۆشتنی بە دۆلار، هاووڵاتیانیش لە مامەڵەی ڕۆژانەیاندا ئەمەیان بینیوە.
    ئاماژەی بەوەشكرد: هەڵمەتەكە بە وەرگرتنی 11 هەزار و 785 بەڵێننامە دەستیپێكرد كە بە دۆلار نەفرۆشن و پابەندبوون بە فرۆشتن بە دینار، دواتر لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ڕابردوو قۆناغی دووەم بۆ بەدواداچوونی ئەو كەسانەی پابەند نەبوون بە بەڵێننامەكانەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵیاندا دەستیپێكرد و بەپێی مادەكانی 306 و 240ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111دەستگیركران و ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری كران.
    ئاشكراشیكرد: ژمارەی ئەو كەسانەی دەستگیركراون گەیشتووەتە 50 كۆمپانیای سەرپێچیكار لە بەغداد و پارێزگاكان، و لە ئێستادا لەژێر لێكۆڵینەوەدان، هەروەها هەڵمەتەكانی پشكنین لەلایەن كارمەندانەوە بە جلوبەرگی مەدەنییەوە ئەنجام دەدرێت.