بەغداد/ INA
ئەمڕۆ دووشەممە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دووپاتی کردەوە کە بەم نزیکانە پڕۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستپێدەکات، هاوکات ئاماژەی بەوەدەکات کە دەستەی کۆمسیاران بڕیاری کردنەوەی ناوەندەکانی تۆماری دەنگدەرانی داوە لە سەرتاسەری عێراقدا.
"جومانە خلای " وتەبێژی کۆمسیۆن، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند:- پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و هەڵبژاردن بەم نزیکانە دەستپێدەکات،کە 15 پارێزگا دەگرێتەوە، جگە لە پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان.
"خلای" ئاماژەی بەوەدا :- کە دەستەی کۆمیسیاران بڕیاریداوە ناوەندی تۆمارکردن لە سەرتاسەری عێراقدا بکرێتەوە بە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانیشەوە، بەمەرجێک گواستنەوە و گۆڕانکاری لە تۆماری دەنگدان پارێزگاکانی هەرێم نەگرێتەوە و ئەوەش سنووردارە بە گواستنەوە لەناو پارێزگایەک و لە نێوان سێ پارێزگاکەدا بە تایبەتی.
راشیگەیاند:- پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران ئەو دەنگدەرانە دەگرێتەوە کە پێشتر تۆمارنەکراون، تەمەنی نوێ ، و ئەو دەنگدەرانەی کە کارتی کورتخایەنیان هەیە، چونکە بەپێی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان، دەبێت کارتی بایۆمەتری تەنها بۆ ئەو دەنگدەرانە دروستبکرێت کە خاوەنی کارتی کورتخایەنن.
ڕوونیشیکردەوە، "پرۆسەی گواستنەوە و گۆڕانکاری لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە تەنها ئەو 15 پارێزگایە دەگرێتەوە، ناتوانرێت تۆمار لێیانەوە بگوازرێتەوە بۆ هەرێم،یان بەپێچاوانەوە ،واتا جوڵە بە تایبەتی لە نێوان ئەو 15 پارێزگایەدایە.
ئاشکراشیکرد:- ئەو دەنگدەرانەی کارتی بایۆمەتری کارایان هەیە و وێنەیەکی تێدایە، پێویست ناکات لە ناوەندەکانی تۆمارکردن پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت، بەو پێیەی پێداچوونەوەکە بۆ ئەو کەسانەیە کە ناویان تۆمارکراوە و ئەوانەی کارتی کورتخایەنیان هەیە و هەروەها سرینەوەی ناوی مردوان .