سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانيا كۆبووه‌وه‌

سیاسی
  • 26-06-2023, 20:26
  • +A -A

    هەولێر/ INA 

    ئەمڕۆ دووشەممە سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نێچیرڤان بارزانی،له‌گه‌ڵ ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانيا كۆبووه‌وه‌.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە تێیدا هاتووە ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌رلين له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئۆلاف شۆڵتز ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانيا‌ كۆبووه‌وه‌.
    له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، ئاڵنگارييه‌كانى به‌رده‌م عێراق و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.
     نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ هاوكارى و پشتگيريى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ بوارى سه‌ربازى، ئابوورى، مرۆيى و په‌ره‌پێداندا ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها سوپاسى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانياى كرد بۆ ناساندنى تاوانه‌كانى داعش و كۆمه‌ڵكوژيى ئێزدييان به‌ جينۆسايد.
    به‌ڕێزيان خۆشحاڵى به‌ ئاستى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و لێكگه‌يشتن و ڕێككه‌وتنه‌كانى نێوان هه‌ردوولا نيشان دا، هه‌روه‌ها هيواى خواست هه‌رێمى كوردستانيش سووديان لێ ببينێت. له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌موو ئاسانكارى و پشتگيرييه‌كى هه‌رێمى كوردستانى بۆ وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزاريى كۆمپانياكان و كه‌رتى تايبه‌تى ئه‌ڵمانى ده‌ربڕى‌.
    سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان چاويان له‌ ڕۆڵ و پشتگيريى زياترى ئه‌ڵمانيايه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، به‌تايبه‌تى له‌ يارمه‌تيدان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئاڵنگارييه‌كانى به‌رده‌م عێراق له‌ هه‌مه‌جۆركردنى ئابوورى و پاراستنى سه‌قامگيرى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا.
    لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز ئۆلاف شۆڵتز ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانيا سوپاسى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد بۆ سه‌ردانه‌كه‌ى و به‌ ده‌رفه‌تێكى گرنگى زانى بۆ ئاڵوگۆڕكردنى بيروڕا ده‌رباره‌ى پرسه‌ هاوبه‌شه‌كان، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و تێكشكاندنى داعش و يارمه‌تيدان و حه‌واندنه‌وه‌ى لێقه‌وماوان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئارامى و سه‌قامگيرييان ده‌ڕوانێت.
    به‌ڕێزيان هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و ئاماده‌ييى وڵاته‌كه‌ى نيشان دا بۆ هاريكاريى هاوبه‌ش له‌ بواره‌ جياكاندا، به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و وزه و ئه‌و كه‌رتانه‌‌ی بۆ هه‌ردوولا گرنگن.
    پرسى كۆچ و كۆچبه‌ران، دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند بابه‌تێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو به‌ڕێزان باڵيۆزى عێراق و نووێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رلین ئاماده‌ى بوون.