بەغدا - INA
سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی عەممارحەكیم ئەمڕۆ یەكشەممە جەختی لە گرنگی پشتیوانی كەرتی تایبەت و چاكسازی لە سیستەمی بانكیدا كردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی حەكیم لە بەیاننامەیەكدا كە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردووە ڕایگەیاندووە : سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی عەمار حەكیم ئەمڕۆ پێشوازی لە باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە بەغدا، ئیلێنا ڕۆمانسكی كرد.
ئاماژەی بەوەشكرد : پێشهاتەكانی بواری سیاسی لەعێراق و ناوچەكە و ڕێگاكانی بەرزكردنەوەی هاریكاری نێوان بەغدا و واشنتۆن تاوتوێ كرا.
حەكیم ستایشی هەنگاوی پەسەندكردنی بودجەی سێ قۆڵیی كرد، ئاماژەی بەوەشكرد : پەسەندكردنی بۆ ماوەی سێ ساڵ حكومەت دەتوانێت بەرنامەی حكومەتەكەی بەپێی ئەولەویەتەكانی حكومەت جێبەجێ بكات.
ناوبراو جەختی لە گرنگی پشتیوانی لە كەرتی تایبەت و چاكسازی لە سیستەمی بانكی كردەوە بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام، ئاماژەی بە پێویستی گواستنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكا لە ڕەهەندە ئەمنی و سەربازییەكانیەوە بۆ ڕەهەندی ئابووری و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە بواری پەروەردەیی و بوارە كولتوورییەكان.
حەكیم داوای كرد : پشتیوانی لە حكومەت و بەردەوامكردنی سەقامگیری ئێستا بكات، جەختیشیكردەوە ڕۆڵی عێراق لە نزیككردنەوەی بۆچوونەكانی لایەنە هەرێمایەتییەكان لەیەكتر.