بەغدا - INA
ئەمڕۆ یەكشەممە حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت پەیامێكی لە سكرتێری گشتی ئۆپێكەوە پێگەیشت.
لە ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتەكەدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردووە تێیدا هاتووە : هەیسەم غەیس سكرتێری گشتی ئۆپێك سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی حكومەت و وەزارەت و تیمی ئامادەكاری و جێبەجێكردن كرد بۆ ڕێكخستنی باشی ئاهەنگەكە لەڕێگەی پەیامێكەوە كە بەدەست حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری نەوتەوە گەیشتووەكە تێیدا ڕایگەیاندووە؛ بەناوی خۆم و بەناوی هاوكارانم لە ڕێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپێك) پیرۆزبایی دڵسۆزانە دەكەم بۆ سەركەوتنی گەورە و گرنگی ئاهەنگی یادی 60 ساڵەی دامەزراندنی ڕێكخراوەكە، كە لەلایەن هۆڵی مێژوویی شەعب لە بەغدای پایتەختی عێراق – لانكەی ئۆپێك میوانداری كرا.
غەیس ووتیشی : هەروەها دەمەوێت بە قووڵی سوپاس و پێزانینی خۆم پێشكەش بكەم بۆ ئەو پاڵپشتی و بەرژەوەندییەی ئێوە پێشكەشتان كردووە بۆ ئەم بۆنە گرنگە بەدرێژایی ساڵان و دەیان ساڵ وەك میوانداریكردنی كۆبوونەوەی دامەزرێنەری ڕێكخراوەكە - ناسراو بە كۆنفرانسی بەغدا لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1960ی زایینی.
ڕێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت ئۆپێك، بە هاوكاری وەزارەتی نەوت، هەفتەی ڕابردوو لە بەغدا بە ئامادەبوونی بەرچاوی وەزیرانی نەوت و وزە لە وڵاتانی ڕێكخراوەكە و بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆك ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، كە لێژنەی سەرپەرشتیاری ئاهەنگەكە بەرنامەیەكی دەوڵەمەندی ئامادەكرد كە ڕەزامەندی و سەرسامی شاندە بەشداربووەكانی بەدەستهێنا، كە بریتی بوو لە چالاكیی ڕۆشنبیری و هونەری، نمایشی كلتوری و فۆلكلۆری، فیلمی دیكۆمێنتاری، پێشانگای نێودەوڵەتیی كاریكاتێری بەغدا، نەوت و پێشانگای كتێبی وزە و ئەوانی تر.