بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزدییەكان لەدهۆك دۆزینەوەی گۆڕێكی دیكەی بەكۆمەڵی لەقەزای شەنگال راگەیاند، بەوەش ژمارەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان بۆ 46 گۆڕ بەرزبووەوە.
حسێن قائیدی بەرپرسی كاروباری رفێندراوەكان لە بەرێوبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزدیەكان رایگەیاند، گۆڕێكی تری بەكۆمەڵ لەگوندی كوچوی سەر بەقەزای شەنگال دۆزراوەتەوە، بەمەش ژمارەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان ئەوانەی كەچەكدارانی داعش خەڵكیان تێیدا كۆمەڵكوژ كردووە، بۆ 46 گۆڕ بەرزبووەتەوە.
وتیشی "نازانین روفاتی چەند كەس لەناو ئەو گۆڕەدایە، چونكە هەڵنەكۆڵراوە".
حسێن قائیدی داوایكرد تیمی جینۆسایدی سەر بەوەزارەتی شەهیدانو ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم بچنە شەنگال بۆئەوەی بە شێوەیەكی زانستی مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕانەدا بكرێت.