دارایی پەرلەمان وادەی دەستپێكردنی پارەداركردنی وەزارەتەكان دیاریدەكات

سیاسی
  • 22-06-2023, 20:54
  • +A -A

    بەغداد - INA
    لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، وادەی دەستپێكردنی پارەداركردنی وەزارەتەكانی دیاریكرد لەو بڕە بودجەیەی كە بڕیارە بۆ چەند مانگی ڕابردوو بدرێت، هەروەها ئاماژەی بە ئاراستەیەك بۆ پشتبەستن بە سیستەمێكی ئەلیكترۆنی كرد بۆ تەواوكردنی ڕێكارەكانی ژمێرەی كۆتایی.
    ئەندامی لیژنەكە مستەفا كەرعاوی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: ڕێنماییەكان بۆ جێبەجێكردنی بودجە لەدوای جەژنی قوربانەوە دەردەچن، بەو پێیەی سەرۆكایەتی وەزیران و وەزارەتی دارایی ڕەشنووسی ڕێنماییەكانیان ئامادەكردووە كە ڕەنگە پێویستی بە هەمواركردن هەبێت دوای زیادكردنی ماددە بۆ بودجە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، وتیشی: دەركردنی ڕێنماییەكان بۆ پارەداركردن و جێبەجێكردنی بودجە لە دوای جەژن ئامادە دەبێت و بۆ سەرجەم فەرمانگە و وەزارەتەكانی حكومەت دەگوازرێتەوە.
    ئاماژەی بەوەشكرد: دوای دەركردنی ڕێنماییەكان، وەزارەتی دارایی دەستدەكات بە پارەداركردنی ئەو بڕە پارانەی كە بۆ مانگەكانی ڕابردوو دەبێ بدرێت، بەتایبەت بودجەی بەكاربردن، و وەزارەتەكانی دیكەش دەست دەكەن بە جێبەجێكردنی بودجەی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژەكان و ئەوانی دیكە.
    سەبارەت بە ژمێرەی كۆتایی، كەرعاوی تەئكیدیكردەوە: كە دیوانی چاودێری دارایی كار لەسەر ئەم بابەتە دەكات، و ئاراستەیەك هەیە بۆ گرتنەبەری سیستەمێكی ئەلیكترۆنی بۆ تەواوكردنی ڕێكارەكانی ژمێرەی كۆتایی.
    وتیشی: دوا داتای ژمێرەی كۆتایی كە نوێكرایەوە بودجەی ساڵی 2015 بوو، كە لەگەڵ بودجەی ساڵی 2013 و 2014 بۆ ئەنجومەنی نوێنەران نێردراوە.
    جەختیشیكردەوە: لەسەر پێویستی بەدواداچوونی وردی ژمێرەی كۆتایی و پێداچوونەوە و پەسەندكردنی كۆتایییان، بۆ ئەوەی ژمێرەی ڕاستەقینە هەبێت و فایلەكانی گەندەڵی ئاشكرا بكرێت.
    راشیگەیاند: بودجەی سێ ساڵە مەرجدار دەبێت، و داتاكان پێشكەش دەكرێن و خشتەكان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە نوێ دەكرێنەوە و لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند دەكرێن.
    ئاماژەی بەوەشكرد: جێبەجێكردنی زۆربەی مادەكان ساڵ لە دوای ساڵ بەردەوام دەبێت، تەنها ئەوە نەبێت كە داتا دیجیتاڵییەكان بەپێی دۆخی ئابووری عێراق و جیهانی گۆڕاو دەبن، بەو پێیەی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەیەكەوە هەیە.