بەغداد - INA
كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراقی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، وردەكارییەكانی گرێبەستی كۆمپانیای بۆینگی بۆ كڕینی 26 فڕۆكە ڕوونكردەوە، و ئاماژەی بەوەشدا: كە كاردەكەن بۆ كردنەوەی هێڵی نوێ لەگەڵ چوار وڵات و ئاراستەیەكیش هەیە بۆ زیاتر كەمكردنەوەی نرخی بلیتی گەشتكردن.
بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیاكە، مەناف عەبدولمنعەم، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: یەكێك لە پڕۆژەكانی پەرەپێدانی هێڵی ئاسمانی عێراقی گرێبەستی حكومەتە لەگەڵ كۆمپانیای بۆینگ بۆ كڕینی 26 فڕۆكەی مۆدێرن كە 10 فڕۆكەیان وەك فڕۆكەی خەونەكان پۆلێنكراون.
ئاماژەی بەوەشكرد: هاتنی یەك لە دوای یەكی ئەم فڕۆكانە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا دەبێتە هۆی كردنەوەی هێڵ و ئاراستەی نوێ بۆ ڕووماڵكردنی جیهان، و وتیشی: لە نێو پڕۆژەكانی ئێستادا كاركردن هەیە بۆ كردنەوەی هێڵی مەسقەت وجاكارتا لە ئەندەنوسیا و مالیزیا و چین.
سەبارەت بە ئەگەری كەمكردنەوەی بلیتی گەشت، عەبدولمنعەم رایگەیاند: محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران رێنمایی داوە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی هاووڵاتی عێراقیی بكرێت، بەتایبەتی خانەنشینان و نەخۆشەكان و بریندارانی حەشدی شەعبی، و وتیشی: گرنگیدانی سەرۆكی حكومەت بە هاوڵاتی ڕاستەوخۆیە، بەو پێیەی ڕایگەیاند كە حكومەتی ئێستا حكومەتی خزمەتگوزارییە.
ئاشكراشیكرد: كەمبوونەوەی دیكەی بلیتی گەشتكردن دەكرێت دوای كردنەوەی هێڵی نوێ، و ئەمەش دەبێتە زیادكردن و بەرزكردنەوەی سەرچاوەكانی كۆمپانیاكە.