بەغداد - INA
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئەحمەد سەحاف، ئەمڕۆ چوارشەممە، تەئكیدیكردەوە: كە دیدگای سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی پاڵپشتی لە دامەزراندنی گروپە ئابوورییەكان دەكات بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتانی ناوچەكە، هەروەك ڕۆڵی عێراقی لە كەمكردنەوەی تاودان و ئەولەویەتدان بە زمانی دیالۆگ ڕوونكردەوە.
سەحاف بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: ئەو دیدگایەی كە سیاسەتی دەرەوەی عێراق لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە پەیڕەوی دەكات، لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی تەواو لە سەروەری دەوڵەتان و دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆییان دامەزراوە، وتیشی: هەموو ئەو هەڵوێستانەی كە وەزارەت دەریبریوە داوای گفتوگۆی كردووە، بەتایبەتی سەبارەت بە دۆسیەكانی یەمەن و لیبیا، هەروەها سودان، لە ئەنجامی ڕووداوەكانی ئەم دواییە.
ئاشكراشیكرد: وەزارەت داوای لە هەردوو لایەنی ململانێی سودان كردووە پشت بە گفتوگۆ ببەستن و پابەندبن بە گرنگترین بنەماكان كە خەڵك لە دەرئەنجامەكانی ڕاكێشان بۆ ناو بەڵای شەڕی ناوخۆیی دەپارێزن.
ئاماژەی بەوەشكرد: عێراق 3 گەشتی گەرانەوەی ئەنجامدا بۆ گەڕانەوەی رەوەندی عێراقی لە سودان، بە 4 فڕۆكە، كە لەڕێگەیەوە 595 هاوڵاتی عێراقی گەڕێندرانەوە، لەگەڵ دەیان سودانی و سوری.
سەبارەت بە قەیرانی لیبیا، سەحاف جەختیكردەوە: كە عێراق بەردەوام باس لە گرنگی پشت بەستن بە چارەسەری سیاسی و پاڵپشتی لە مافەكانی گەلی لیبیا و دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆییان دەكات، لەگەڵ چارەسەر و دەستپێشخەرییە نیشتمانییەكان كە ڕەنگدانەوەی بەهێزی دامەزراوەكانی دەوڵەتن و یارمەتی گەلی لیبیا دەدەن بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكەیان.
راشیگەیاند: عێراق هەروەها بەردەوامە لە گرنگی دۆزینەوەی چارەسەری یەمەنی - یەمەنی كە ڕێگری بكات لە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆ و دەرفەتێك بۆ فەزای سیاسی یەمەن بدات بە ئەگەرەكانی دۆزینەوەی چارەسەری ناوخۆیی كە یارمەتی گەلەكەی بدات بۆ تێپەڕاندنی ئەو سەختییانەی كە بەو دۆخەدا تێدەپەڕن.
وتیشی: عێراق پێشوازی لە هەموو دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەكان دەكات كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی پەرەسەندن لە هەموو بوارێكی جوگرافیدا و كۆتاییهێنان بە گرژییەكان و ڕزگاركردنی خەڵك و ڕزگاركردنیان لە بەڵای شەڕ و ململانێ و كەمی سەرچاوەكان كە لە وەڵامدانەوەی ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕەنگدەداتەوە.
سەبارەت بە پرسی سوریا، سەحاف رونیكردەوە: لە ساڵی 2012ەوە عێراق بەردەوام داوای لە كۆڕبەندی دوولایەنە و فرەلایەنە كردوە بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ سەر كورسیەكەی لە كۆمكاری عەرەبی، بەردەوامیش بووە لە بونیاتنانی دیالۆگ لەگەڵ هەموو لایەنە عەرەبی و ئەوروپی و ئیسلامییەكان لەسەر ئەم بابەتە.
دووپاتیشیكردەوە: كە عێراق هەڵوێستی خۆی لە لیژنەی پێنج كەسی وەرگرت كە بۆ هەمان كۆبوونەوە لە كۆمكاری عەرەبی كاندید كرابوو، بۆ ئەوەی عێراق ببێتە لایەنێكی كارا و جەوهەری لە ڕێگەی ئامادەبوونی فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە، كە ئەو تیمە پێنج كەسییە دەست بە خولەكانی گفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنە عەرەبی و نێودەوڵەتییەكان بكەن بۆ بەردەوامبوون لە جەختكردنەوە لەسەر چارەسەری كێشەی سوریا و پشتیوانیكردنی گەلی سوریا لەسەر بنەمای چارەسەری مرۆیی و پاڵپشتیكردنی پەنابەرانی سوریا و توانای گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەكەیان بە سەلامەتی، هەروەها پشتگیریكردن لە ڕێگاكانی چارەسەری سیاسی سوری-سوری و دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆیییان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: سەرۆك وەزیران لە گروپە ئابوورییەكانی ناوچەكەدا ڕێگەیەك و چوارچێوەیەكی ڕەوا دەبینێت بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەكان كە لەگەڵ ئەو گۆڕانكاریانەدا بگونجێت ، لە ڕوانگەی ئەو توانا مرۆیی و سامانە ستراتیژییە گەورەیەی كە وڵاتانی ناوچەكە هەیانە كە دەتوانن ژیانێكی خۆشگوزەران بۆ گەلانی ناوچەكە دابمەزرێنن.