نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى ‏UN‏ دەکات

سیاسی
  • 21-06-2023, 16:24
  • +A -A

     هەولێر/ INA 
    ئەمڕۆ سێشەممە سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان نێچيرڤان بارزانى، پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى ‏UN‏ كرد.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە تێیدا هاتووە،پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان به‌ ‏سه‌رۆكايه‌تيى  عه‌بدوڵڵا ئه‌لده‌رده‌رى، ياريده‌رده‌رى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ ‏يه‌كگرتووه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رى هه‌رێميى ‏UNDP‏ بۆ وڵاتانى عه‌ره‌بى، كرد.‏
    له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا شانده‌كه‌ پوخته‌يه‌كيان ده‌رباره‌ى ئامانجى سه‌ردانيان بۆ عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستان خسته‌ ڕوو كه‌ بۆ يارمه‌تيدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانه‌ له‌ ‏هه‌جۆركردنى سه‌رچاوه‌كانى داهات و به‌ ته‌نيا پشتنه‌به‌ستن به‌ نه‌وت. له‌مباره‌يه‌وه‌ ‏سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كردوه‌ كه‌ داهاتووى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ‏به‌ هه‌مەجۆركردنى ئابوورى و سه‌رچاوه‌كانى داهاته‌وه، به‌نده‌.‏
    هه‌ردوولا ده‌رباره‌ى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌ و هاوڕا بوون كه‌ ‏قه‌يرانێكى جددييه‌ و كاريگه‌رييه‌كى زۆرى له‌سه‌ر عێراق هه‌يه‌، بۆيه‌ ده‌بێ عێراق به‌ ‏پشتگيريى نێوده‌وڵه‌تى به‌ جددى ڕووبه‌ڕووى ئه‌و قه‌يرانه‌ ببێته‌وه‌. شانده‌كه دووپاتى ‏كرده‌وه‌ كه‌ هه‌م بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى كاريگه‌رييه‌كانى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا و هه‌م بۆ ‏هه‌مه‌جۆركردنى سه‌رچاوه‌كانى داهات، يارمه‌تيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ده‌ن.‏
    شانده‌كه‌ هه‌روه‌ها ئاماژه‌يان به‌ كۆبوونه‌وه‌يان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ ‏هه‌رێمى كوردستان كرد كه‌ تيايدا ئاماده‌يى و پشتگيريى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كانيان ‏ده‌ربڕيوه‌ بۆ يارمه‌تيدانى هه‌رێمى كوردستان له‌ پلانسازى و دانانى نه‌خشه‌ڕێگه‌ بۆ ‏چۆنيه‌تيى ڕاكێشانى وه‌به‌رهێنانى بيانى بۆ هه‌رێمى كوردستان و ڕه‌خساندنى ‏ده‌رفه‌تى كار بۆ گه‌نجان.‏
    لاى خۆيه‌وه‌  نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى پێشوازى له‌ بيروبۆچوون و پلانى ‏به‌ڕێز ئه‌لده‌رده‌رى و ‏UNDP، هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركه‌كه‌يدا بۆ خواست و ‏هه‌وڵه‌كانى بۆ يارمه‌تيدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌رز نرخاند.