سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی هۆڵەندا دەکات

سیاسی
  • 21-06-2023, 12:59
  • +A -A

     هەولێر/ INA 

    ئەمڕۆ چوارشەممە سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی هۆڵەندا كرد.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە تێیدا هاتووە ،پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە   نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ‏‏هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە  هانس سادنی، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق ‏‏كرد.‏
    لە كۆبوونەوەیەكدا پتەوكردنی پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ‏‏هۆڵەندا، دوایین پێشهات و دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە ‏‏بە گشتی و دۆخی ئاوارەكان لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان، خرانە بەر باس و ‏‏گفتوگۆ.‏
    نێچیرڤان بارزانی وێڕاى پیرۆزبایی بۆ دەستبەكاربوونی، هیوای سەركەوتنی ‏‏بۆ خواست و پشتگيريى هەرێمی كوردستانی بۆ كار و چالاكییەكانی نیشان دا، ‏‏هەروەها سوپاسی هاوكارییەكانی هۆڵەندای بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان كرد ‏‏بەتایبەتى لە بواری هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی ئابووری و پێشخستنی كەرتی ‏‏كشتوكاڵدا.‏
    لاى خۆيه‌وه‌ بەڕێز باڵیۆزی هۆڵەندا، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى وڵاته‌كه‌ى‌ ‏پابه‌نده‌ به‌ ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكى ‏گرنگ و فيدراڵى، هه‌روه‌ها بەردەوامیی ‏هاوكارییەكانی بۆ سەقامگیریی عێراق و ‏هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ‏هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ ئاوارە و ‏پەنابەران بەرز نرخاند.‏
    تاوتوێكردنی دۆخی مافی مرۆڤ، كاری ڕێكخراوە ناحكوومییەكان لە عێراق و ‏‏هەرێمی كوردستان و چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، لایەنێكی ‏‏دیكەی كۆبوونەوەكە بوو كە بەڕێز كونسولی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان ‏‏ئامادەی بوو.