بەغداد/ INA
ئەمڕۆ شەممە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی رایگەیاند : دوای پەسەندکردنی بودجەی لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمار، مووچەی 720 هەزار فەرمانبەری نوێ دەبەسترێ ، پێشبینیشی کرد کە وەزارەت و فەرمانگەکان لە سەرەتای مانگی تەمموزەوە دەست بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجە بکەن.
"موعین کازمی "ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان بۆ عێراقیە نیوزی کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) وەریگرتوە، ڕاگەیاند :- یاسای بودجە کە پەرلەمان بۆ سەرۆکایەتی کۆماری ناردوە تا ئیمزای لەسەر بکات ، 78 ماددە لەخۆدەگرێت دوای زیادکردنی 11 ماددە لەو ڕەشنوسەی حکومەت ناردبووی.
ڕاشیگەیاند :کە بڕی 6 ترلیۆن دینار گواستراوەتەوە سەر بودجەی پارێزگاکان لە بودجەدا ، هەروەک موچه ی 720 هەزار فەرمانبەڕی نوێ له مامۆستایان و گرێبەستەکان وهەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و پله باڵا و پلەکانی دیکە، دەبەسترێت .
ئاماژەی بەوەشکردووە:- لیژنەی دارایی 150,000 پلەی وەزیفی دیکەی لە بودجە زیادکردووە لە وەڵامی خواستی ئەوانەی کە پێویستە دابمەزرێن .
ووتیشی : زیاتر لە 500 یەکەی خەرجی هەیە و دوای پەسەندکردنی لەلایەن سەرۆکی کۆمار ، و جێبەجێکردنی بودجە ، لە لایەن لیژنەی دارایی و لیژنە پەرلەمانیەکانی دیکە،هەریەکەیان بەپێی لێهاتوویی خۆی بەدواداچوون بۆ پرۆسەی جێ بەجێکردنی بڕگەکانی بودجە دەکات .
جەختیشی لەوە کردەوە:- کە ڕەنگە حکومەت تانە لەو ماددانە بدات کە بارگرانی داراییان زیاد کردووە،بەڵام تانەدان لە هەر ماددەیەک جێبەجێکردنی ئەو ماددەیەی بودجەیە دەوەستێنێت نەک هەموو بڕگەکانی، پێشنیاری ئەوەش دەکات کە وەزارەتەکان دەست بکەن بە جێبەجێکردنی ئەوەی لە بودجەدا هاتووە لە سەرەتای مانگی تەمموزی داهاتوو.