بەغداد - INA
میری دەوڵەتی قەتەر شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ بەغداد هێنا، كە بریتی بوو لە واژۆكردنی ژمارەیەك ڕێككەوتن و ڕاگەیاندنی نیازی هاوبەش بۆ هاوكاری نێوان حكومەتەكانی عێراق و قەتەر.
پێشتر هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، نوسینگەی ڕاگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، وردەكارییەكانی ئەو یاداشتە لێكتێگەیشتنانەی كە لەگەڵ قەتەر واژۆ كراون، ڕوونكردەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ پێنچ شەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری دەوڵەتی قەتەر سەرپەرشتی مەراسیمی واژۆكردنی بەیاننامەی نیازی هاوكاری و كۆمەڵێك ڕێككەوتنی نێوان هەردوو وڵاتیان كرد.
ئاشكراشیكرد: بەیاننامەی هاوبەشی نیاز لە نێوان حكومەتەكانی عێراق و قەتەر بۆ هاوكاریی هەمەلایەنە لە بوارەكانی سیاسی و ئابووری و لە بوارەكانی وزە و وەبەرهێنان واژۆ كرا، هەروەها واژۆكردنی دوو ڕێككەوتننامە لەبوارەكانی گواستنەوەی ئاسمانی و دەریایی، هەروەها یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی دیكە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی مەرجی ڤیزە بۆ خاوەن پاسپۆرتی دیپلۆماسی.
لە پەراوێزی سەردانەكەشدا كۆمەڵێك یاداشتی هاوكاری لە بواری وزەدا واژۆ كران، كە تایبەت بوون بە نەوتی خاو و دابینكردنی غازی شل بۆ عێراق، واژۆكردنی دوو یاداشتێكی دیكەی هاوكاری بۆ دامەزراندنی كۆمپانیایەكی هاوبەشی نەوت و دامەزراندنی پاڵاوگەیەك.
بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە لە بواری وەبەرهێناندا، چوار یاداشتی هاوكاری بۆ هاوكاری وەبەرهێنانی نیشتمانی واژۆ كران، یەكەمیان لەگەڵ كۆمپانیای ئۆرباكۆنی قەتەری، دووەمیان لەگەڵ كۆمپانیای قەتەری (ئێلیگانس هێڵس كەیر)، لەگەڵ دوو یاداشتنامەی هاوكاری لەگەڵ كۆمپانیای قەتەری وەبەرهێنان هۆڵدینگ لە بواری پەرەپێدانی شارە نوێیەكان، و دروستكردن و پەرەپێدانی هۆتێلەكاندا.