قوباد تاڵەبانی: نابێت وەزارەتی پێشمەرگە و ریفۆرم لە هێزەکانی پێشمەرگە تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێن

سیاسی
  • 15-06-2023, 18:13
  • +A -A

    هەولێر/ INA 
    ئەمڕۆ پێنچشەممە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی،ڕایگەیاندنابێت وەزارەتی پێشمەرگە و ریفۆرم لە هێزەکانی پێشمەرگە تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێن

    نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە تێیدا هاتووە،قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ وەفدێکی سەربازی بەریتانی بە سەرۆکایەتی بەسەرۆکایەتی مارشاڵ سامی سامپسۆن، گەورە راوێژکاری بەرگری بەریتانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا جەختی کردوە کە؛ نابێت ململانێی حیزبی و کێشە سیاسییەکان کاریگەرییان هەبێت لەسەر جێبەجێکردنی رێڕەوی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە یەکگرتووتر و تۆکمەتر و راهێنراوتر بێت.
    لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو و رۆزی کێڤ کونسوڵی گشتی بەریتانیا و لیوا بەختیار ئەمینداری گشتی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ئامادەی بوون، تاوتوێی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کرا.
    قوباد تاڵەبانی نیگەرانی خۆی لەبارەی دۆخی ئێستا و کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند؛ پێویستە هەموو لایەک درک بە ‌‌هەڕەشەکان و مەترسییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان بکەن و بەرژەوەندییە باڵاکان نەکەنە قوربانی بەرژەوەندی حیزبی. 
    وتیشی: نابێت دەستێوەردانی حیزبی و ململانێی سیاسی کاریگەری هەبێت لەسەر رێڕەوی جێبەجێکردنی خاڵەکانی پلانی چاکسازی و پرۆسەکە پەک بخات یان خاوی بکاتەوە.
    جەختیشی کردەوە لەسەر جێبەجێکردنی قۆناغەکانی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە بەو شێوەی پلانی بۆ دانراوە و داوایکرد هاوپەیمانان زیاتر هاوکاربن لە جێبەجێکردنی پلانی چاکسازی بۆ ئەوەی بتوانین هێزەکانی پێشمەرگە لە ململانێ سیاسییەکان دوور بخەینەوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا هێزێکی تۆکمەی نیشتمانی راهێنراوترمان هەبێت.