هەولێر/ INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق كۆبووەوە
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕایگەیاندووە،ئەمڕۆ پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق كۆبووەوە كە لەسەر بانگهێشتی بەڕێزیان بۆ گفتوگۆكردن و هەنگاوەكانی ئامادەكاریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، سەردانی هەولێریان كردووە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە بەڕێزان خاتوو جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، تیمێكی پسپۆڕی یۆنامی و سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی عێراق ئامادەی بوون، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەرچی زووە هەنگاو بنرێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان. لەمبارەیەوە بەڕێزیان ئامادەییی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە دەربڕی.
لای خۆیەوە خاتوو جینین پلاسخارت و تیمی یۆنامی پشتیوانیی خۆیان بۆ هەنگاوەكانی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ڕاگەیاند و ئامادەیییان نیشان دا بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی هەڵبژاردن.
دواتر سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق و ئەنجومەنی كۆمیسیاران، سوپاسی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ بانگهێشت وگرنگیدان بە ڕاگۆڕینەوە و گفتوگۆ، هەروەها ئامادەییان نیشان دا بەپێی یاسا و دوای دەستەبەركردنی پێداویستییەكان و ڕێككەوتن لەسەر كاتێكی گونجاو، هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بەرێوە ببەن. لەمبارەیەوە بڕیار درا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن بەمەبەستی دیاریكردنی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.