بەغداد - INA
وەزارەتی بازرگانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەئكیدی لە بوونی جوڵەیەكی فراوانی حكومی بۆ جێبەجێكردنی مەرجەكانی پەیوەستبوونی عێراق بە ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی كردەوە، هاوكات ئاماژەیبەوەدا: كە دۆسیەی هاوكارییە داراییەكان بۆ ڕێكخراوەكە یەكلایی كراوەتەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندن لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند: وەزارەتی بازرگانی كاردەكات بۆ جێبەجێكردنی مەرجەكان لەڕێگەی وەزیرەكەی ئەسیر غرێری، كە سەرۆكایەتی لیژنەی نیشتیمانی پەیوەندیدار بە پەیوەستبوون بە ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی دەكات، ئاماژەی بەوەشدا: پێداویستییەكان پەیوەندییان بە كاڵا و خزمەتگوزارییەكان و مەلەفی كشتوكاڵی و مۆدێرنكردنی سیستەمی گومرگییەوە هەیە.
ئاشكراشیكرد: لەم دواییانەدا لەگەڵ دەستەی گشتی گومرگ كارمان كردووە بۆ تەواوكردنی مۆدێرنكردنی سیستەمی گومرگی، وەك ئامادەكارییەك بۆ دانانی پێناسە بۆ بڕگەكانی یاسای گومرگی بەمەبەستی دانوستانیان لەگەڵ ڕێكخراوەكە.
رونیشیكردەوە: هەماهەنگی لەگەڵ كەرتی تایبەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوامە بەمەبەستی یەكخستنی دۆسییەكانی پەیوەست بەو مەرجانەی كە ئاماژەیان پێكراوە، دواتر پێشكەشكردنیان بە ڕێكخراوەكە، تەئكیدیشیكردەوە: كاركردن لە ئارادایە بۆ ئامادەكردنی تیمی دانوستانكاری عێراق و بنیاتنانی تواناكانی دانوستانكاران لەڕووی تەكنیكی و زمانەوانییەوە بە مەبەستی دەستپێكردنی خولی دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام.
وەزارەتی بازرگانی راشیگەیاند: ڕووداوە نێودەوڵەتییەكان كاریگەری لەسەر مەراسیمی پەیوەستبوونی عێراق بە ڕێكخراوەكە نەبووە، بەڵام دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجەی گشتی عێراق ڕێڕەوی كاركردن و هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوەكە خاوكردەوە بەهۆی دواكەوتنی خەرجكردنی ئەو یارمەتیانەی كە ساڵانە دەبێت عێراق بیدات وەك ئەندامێكی چاودێر.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: بە سەرپەرشتی و بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی وەزیری بازرگانی سەرۆكی لیژنەی نیشتمانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی، دۆسیەی ئەو هاوكارییە داراییانەی عێراق بۆ ڕێكخراوەكە ئەنجامی داوە یەكلایی كراوەتەوەو بە تەواوەتی خەرجكراوە.